لاهوور شێخ جەنگی: دەبێت هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد لە کوردستان بکرێت

لاهوور شێخ جەنگی، سەرۆکی هاوپەیمانێتیی بەرەی گەل
لاهوور شێخ جەنگی، سەرۆکی هاوپەیمانێتیی بەرەی گەل

K24 – هەولێر:

سەرۆکی هاوپەیمانێتیی بەرەی گەل، ستایشی پرۆژەی هەژماری من دەکات و ڕایدەگەیەنێت: پڕۆژەکە دژایەتییەکی زۆری کرا. دووپاتیشی دەکاتەوە، لەگەڵ ئەوەدان حکوومەت و سیستەمی بانکیی بە ئەلیکترۆنی بکرێن.

لاهوور شێخ جەنگی، سەرۆکی هاوپەیمانێتیی بەرەی گەل،  لە پەراوێزی هەشتەمین دیداری سلێمانی لە زانکۆی ئەمەریکی ڕایگەیاند، بۆ ئەوەی پارێزگاری لەو ئەزموونەی کە هەمانە بکەین، پێویستە یەکڕیز بین، هەروەها ناحەزانی کورد سوود لە ناتەبایی نێوان لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان دەبینن.

سەرۆکی هاوپەیمانێتیی بەرەی گەل، دەڵێت: ئەو مەترسییانەی کە لەسەر قەوارەی هەرێمی کوردستان درووست بووە هۆ سەرەکییەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ناکۆکیی نێوان لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان، بە تایبەتی ناکۆکیی نێوان پارتی و یەکێتی.

لاهوور شێخ جەنگی، ئاماژەی بەوە دا، هەرێمی کوردستان لە ڕابردوودا بووبوو بە پەناگەیەک بۆ کوردانی هەر چوار پارچەی کوردستان، بەڵام بە داخەوە ئەوەی ئێستا دەبیندرێت خەریکە مەترسی دەکەوێتە سەر خوودی هەرێمی کوردستان، هەق نییە بهێڵدرێت ئەو دەستکەوتانەی کە لە ڕابردوو بە خوێنی شەهیدان بەدەست هاتوون، وا بە ئاسانی لەدەست بدرێن.

سەرۆکی هاوپەیمانێتیی بەرەی گەل، گوتی: هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان خاوەنی ئەو ئەزموون و  دەستکەوتانەن کە لە ڕابردوودا لە هەرێمی کوردستان بەدەست هاتوون، ناکرێت ئەو ئەزموونە لە پێناو بەرژەوەندیی کەسی و حزبی لەناو ببرێت.

لاهوور شێخ جەنگی، سەرنجی بۆ ئەوەش ڕاکێشا، بەردەوامیی ناکۆکی نێوان لایەنە سیاسییەکان، بە تایبەتی یەکێتی و پارتی زیانێکی زۆر بە پڕۆسەی سیاسی و هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان دەگەیەنێت.

سەرۆکی هاوپەیمانێتیی بەرەی گەل، گوتیشی: "لە ڕابردوودا بە دڵنیاییەوە هەموومان هەڵەی زۆر گەورەی سیاسیمان کردووە، بۆیە من ئێستا بە هەڵەکانی خۆمدا چوومەتەوە و دان بە هەڵەکانی خۆمدا دەنێم".

لاهوور شێخ جەنگی، لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ڕوونیکردەوە، دەبێت هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان پاک و بێگەرد بێت، پارتی هەندێک سەرنجی هەیە لەسەر هەڵبژارنەکە. ناوبراو دووپاتی کردەوە، "دوو ساڵ پێش ئێستا خاوەنی پەرلەمانی خۆمان بووین و دەپرسم بۆ ئەو کات هەڵبژاردن بۆ نەکرا کە هەموو شتێک لەژێر دەستی خۆماندا بوو!"

باسی لەوەش کرد، دەبێت هەڵبژاردن لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا بکرێت، چونکە چارمان ناچارە هەر دەبێت بکرێت، ئەگەر هەڵبژاردن نەکرێت مەترسی زیاتر دەکەوێتە سەر ئەو ئەزموونەی کە لە هەرێمی کوردستان هەیە.

سەرۆکی هاوپەیمانێتیی بەرەی گەل، سەرنجی خستە سەر ئەوەش، تاکە نەفەسم کە ماوە  لەڕێی هەڵبژاردنەوەیە، بۆیە ئامادەم بۆ هەڵبژاردن و ئەنجامەکەی هەرچی بێت قبووڵی دەکەین.

لاهوور شێخ جەنگی، لەبارەی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا گوتی: کێشەکانی نێوانیان هی ئێستە نییە بەڵکو هی ماوەی 10 ساڵ بەر لە ئێستایە و بەردەوامیشە، کە زیانمەندی سەرەکی لەوە هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستانە.

سەرۆکی هاوپەیمانێتیی بەرەی گەل، جەختی لەوەش کردەوە، هەق نییە بۆ چارەکردنی کێشەکانی نیوان هەولێر و بەغدا هەندێک لایەن بچن پەنا ببەنە بەر وڵاتانی هەرێمیی، چونکە تا ئێستا وڵاتانی هەرێمیی دان بە بوونی کورد لە وڵاتەکانی خۆیان نانێن.

لاهوور شێخ جەنگی، ئاماژەی بەوەش کرد، هەقە هەموو سەرنجی ئێمە شەڕی دەستوور بێت لە عێراق بۆ گەیشتن بە مافەکانی خۆمان، کورد ئەگەر یەکگرتوو نەبێت بەم پەرتەوازەییە دەستووریش فریای ناکەوێت.

سەرۆکی هاوپەیمانێتیی بەرەی گەل، ستایشی پرۆژەی هەژماری من دەکات و دەڵێت: پرۆژەکە دژایەتییەکی زۆری کراوە و دووپاتیشی دەکاتەوە، لەگەڵ ئەوەدان حکوومەت و سیستەمی بانکی بە ئەلیکترۆنی بکرێن.