ئێران ئەمەریکای ئاگادار کردووەتەوە کە نایەوێت گرژییەکان فراوانتر بکات

K24- هەولێر

ئەمڕۆ پێنجشەممە، وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، وڵاتەکەی چەندین پەیامی بۆ ئەمەریکا ناردووە، کە تاران هەوڵ نادات گرژییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەگەڵ ئیسرائیل فراوانتر بکات.

حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان شەوی ڕابردوو بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان سەردانی نیویۆرکی کرد و ڕایگەیاند، ئەوەی کە دەتوانێت گرژییەکانی ناوچەکە زیاتر بکات، هەڵسوکەوتی ئیسرائیلە.

عەبدوڵڵاهیان جەختی لەوە کردەوە، "پێش و دوای ئۆپەراسیۆنەکە پەیامەکان بۆ ئەمەریکا نێردراوە، بەتایبەتی لە ڕێگەی باڵیۆزخانەی سویسرا لە تاران، کە نوێنەرایەتی بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا دەکات لە ئێران، ئامانجیش ئەوەیە تێگەیشتنێکی دروست هەبێت لە کارەکانی تاران".

گوتیشی: "ئێمە بەڕوونی ئەمەریکییەکانمان ئاگادارکردەوە کە بڕیارەکە بۆ وەڵامدانەوەی ئیسرائیل بووە"، دوای ئەو هێرشەی کە لە 1ـی نیساندا کردییە سەر کونسوڵخانەی ئێران لە دیمەشق.

ئاماژەی بەوەشکرد، هەوڵمانداوە لەم پەیامانەدا بۆ ئەمەریکا ڕوون بکەینەوە، کە هەوڵی فراوانکردنی گرژییەکانی ناوچەکە نادەین.

 بڕیارە ئەمیر عەبدوڵڵاهیان لە پەراوێزی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایش لە نیویۆرک لەگەڵ ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان و وەزیرانی دیکەی دەرەوە کۆببێتەوە بۆ تاوتوێکردنی داواکاری دەسەڵاتی فەڵەستین بۆ ئەندامێتی هەمیشەیی لە نەتەوە یەکگرتووەکان.

درەنگانی شەوی شەممە، 13-04-2024، نزیکەی کاتژمێر 11:00، سوپای پاسدارانی ئێران بە دەیان مووشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە هێرشەکەی بۆ سەر ئیسرائیل دەست پێکرد. ئەم هێرشەی تاران لە وەڵامی کوژرانی حەوت ئەندامەکەی سوپای پاسدارانە کە لە هێرشێکی ئیسرائیل بۆ سەر کونسوڵخانەکەی لە دیمەشقی پایتەختی سووریا کوژران.