عیرفان عەبدولعەزیز: هیچ لایەنێک نایەوێت بەو شێوازەی ئێستا هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بکرێت

عیرفان عەبدولعەزیز، رابەری بزووتنەوەی ئیسلامی کوردستان
عیرفان عەبدولعەزیز، رابەری بزووتنەوەی ئیسلامی کوردستان

K24 - هەولێر:

رابەری بزووتنەوەی ئیسلامی کوردستان رایدەگەیەنێت، پێویستە لایەنە سیاسییەکانی کوردستان پێکەوە کۆببنەوە و بڕیاڕ لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن بدەن، نەک کەسی دیکە بۆیان دیاری بکات، ئەگەر هەڵبژاردن بەو شێوازەی ئێستا فەرز بکرێت بارودۆخی کوردستان زیاتر ئاڵۆز دەبێت.

عیرفان عەبدولعەزیز، رابەری بزووتنەوەی ئیسلامی کوردستان بە کوردستان24ـی راگەیاند، مەحاڵە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەبێ بەشداریی پارتی دیموکراتی کوردستان بکرێت، ئەگەر دەستێکی دەرەکیش فشار بکات کە هەڵبژاردنەکە بکرێت ئەوا بارودۆخی کوردستان ئاڵۆزتر دەبێت و باشتر نابێت.

رابەری بزووتنەوەی ئیسلامی کوردستان، راشیگەیاند، پێویستە هێزە سیاسییەکانی کوردستان پێکەوە کۆببنەوە و بڕیار لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن بدەن، نەک کەسی دیکە بۆیان دیاری بکات، ئەگەر بەگوێرەی خواستی هەموو لایەنەکان بێت هەڵبژاردن بارودۆخی کوردستان بەرەو باشتر دەبات، بەڵام ئەگەر هەڵبژاردن بەو شێوازەی ئێستا فەرز بکرێت بارودۆخی کوردستان زیاتر ئاڵۆز دەبێت.

عیرفان عەبدولعەزیز، باسی لەوەکرد، "ئێمەی کورد چەندین ساڵە خەباتمان کردووە بۆ ئەوەی ئازادی بەدەست بهێنین، چۆن ئەو مافە بەخۆمان دەدەین، دەبێت بە هەمان شێوە ئەو مافە بە پێکهاتەکانیش بدرێت کە بتوانن لە کەناری ئێمەدا بە ئازادی بژین، یەکێتی لە سکاڵاکەی داوای کردبوو کورسی پێکهاتەکان دابەش بکرێت، بەڵام دادگای فیدراڵی نەک تەنیا دابەشی کرد بەڵکو هەر نەیهێشت.

رابەری بزووتنەوەی ئیسلامی کوردستان، ئاماژەی بەوەدا، هیچ لایەنێک لە کوردستان نایەوێت هەڵبژاردن بەو شێوازەی ئێستا بکرێت.

عیرفان عەبدولعەزیز، گوتی: بەغدا دەیویست وەک پارێزگایەک مامەڵە لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا بکرێت، بەڵام لە ئێستا هەڵوەستەیەکیان کرد زانیان ناتوانن بەو شێویە بێت بۆیە نەرمیان نواند، چاوەڕوان دەکرێت لە ماوەکانی داهاتوودا زیاتر نەرمی بەرامبەر بە هەرێمی کوردستان بنوێنن.