گوتەبێژی کۆمەڵی دادگەری: مەرج نییە دەهۆڵ کوتانی کەس و لیستە  نوێیەکان ڕاست بێت

شوان ڕابەر ئەندامی ئەنجوومەنی سیاسی و گوتەبێژی کۆمەڵی دادگەری
شوان ڕابەر ئەندامی ئەنجوومەنی سیاسی و گوتەبێژی کۆمەڵی دادگەری

K24 - هەولێر

شوان ڕابەر ئەندامی ئەنجوومەنی سیاسی و گوتەبێژی کۆمەڵی دادگەری ، سەبارەت بە کاریگەری بەشداری لیست و کەسایەتییە نوێکان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە میانەی میوان بوونی لە ستۆدیۆی کراوەی کوردستان24ی لە 16مین پێشانگەی نێودەوڵەتی کتێب گوتی: چاوەڕوان ناکرێت هەندێک کەس و لیستی نوێ کە دەهۆڵ بۆ سەرکەوتنەکانیان لە هەڵبژاردنی داهاتوو لێدەدەن ڕاست بێت.

شوان ڕابەر گوتیشی: پیشووتریش ئەزموونمان هەبووە لەوەی کەسایەتی تازە بە لیست و گرووپ هاتوونەتە نێو هەڵبژاردن، ڕەنگە خەڵکێک هەبێ وا بزانێ کەسێک یان لیستێکی تازە کە نەیناسیوە بەلایەوە باش بێت و لە هەڵبژاردن دەنگی پێ بدەن، ڕەنگە دەهۆڵی توندیشی بۆ بکوتن، بەڵام ڕەنگە لە ئەنجامدا وەها دەرنەچێت و جێگەی ئەو چاوەڕوانییە نەبێت کە بەر لە هەڵبژاردن بۆی دەکرا.

سەربارەت بە یەک لیستیی و هاوپەیمانێتی لایەنە ئیسلامییە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمان، شوان ڕابەر گوتی: هەوڵی خۆماندا بۆ ئەوەی لەگەڵ لایەنە ئیسلامییەکانی دیکەی بە هاوپەیمانێتییەک بەشداری بکەین، بە تایبەت لەگەڵ یەکگرتووی ئیسلامیی وەک ئەو هاوپەیمانییەی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک کرا، بەڵام هەوڵەکەمان سەری نەگرت و نەکرا، ئەمەش زیاتر پەیوەستە بەوەی هەموو حزب و لایەنێکی سیاسیی مافی خۆیەتی پارێزگاری لە پێگەی خۆی بکات.

بڕیارە 10ی حوزیرانی ئەم ساڵ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەبچێت، هەرچەندە بەهۆی بڕیارەکانی دادگای باڵای فیدراڵی عێراق لە سەر کەم کردنەوەی کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستان و نەهێشتنی کورسی کۆتای پێکهاتەکان، تا وەکوو ئێستا هەر یەک لە پارتی دیموکراتی کوردستان، بزووتنەوەی ئیسلامیی و حزب و لایەنە سیاسییەکانی تورکمان و کریستیانەکان بەشداریان لەو پرۆسەیە بایکۆت کردووە، بەڵام ئامادەکارییەکانی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق بۆ بەڕێوەبردنی پرۆسەکە بەردەوامە.