وەزارەتی دەرەوەی عێراق ئیدانەی هێرشەکەی سەر ئیسفەهان دەکات

لۆگۆی وەزارەتی دەرەوەی عێراق
لۆگۆی وەزارەتی دەرەوەی عێراق

K24 - هەولێر

وەزارەتی دەرەوەی عێراق لەگەڵ ئیدانەکردنی هێرشەکەی ئیسرائیل بۆ سەر ئیسفەهانی ئێران، داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات پەلە بکات لە ڕاگرتنی ئاڵۆزییەکان کە هەڕەشەی بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا نیگەرانیی توندی خۆیی لە هێرشەکەی بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی سەر شاری ئیسفەهانی ئێران دەربڕیوە و ئاماژەیداوە، ئاڵۆزییەکان مەترسی پێکدادانی سەربازی بە گشتیی لە ناوچەکە زیاد کردووە.

وەزارەتی دەرەوەی عێراقدا ئاماژەیداوە، بەردەوام چاودێری ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە دەکات و هۆشداری لە مەترسی ئاڵۆزبوونی دۆخی سەربازیی دەدات کە هەڕەشە لە ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە دەدات بە گشتی.

هەروەها ڕاگەیاندووە، پێویستە ئاڵۆزییەکان نەبێتە هۆکاری لادانی سەرنجەکان لە سەر ئەو قوربانیی و وێرانکارییانەی لە کەرتی غەززە هەن. داواش لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات پەلە بکات لە جێبەجێکردنی ئەرکی خۆی بۆ ڕاگرتنی ئەو نەهامەتیانەی هەن.

تا وەکوو ئێستا کۆماری ئیسلامی ئێران بە فەرمی بەردەوامە لە ڕەتکردنەوەی هەواڵی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر ئیسفەهان و عەبدولڕەحیم مووسەوی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی ئێران بە ئاژانسی هەواڵی فەرمی ئێرانی ڕاگەیاندووە، تەقینەوەکانی بەرە بەیانی ئەمڕۆ هەینی لە ئاسمانی ئیسفەهان، پەیوەندی بە تەقەکردنی سیستەمی بەرگری ئاسمانی سوپاوە هەبووە کە دەستڕێژیان لە چەند تەنێکی نامۆکردووە، بەڵام تەقەکردنەکان و تەقینەوەکە بێ زیان بوون.