ئەمەریکا هێزەکانی لە نەیجەر دەکشێنێتەوە

K24 - هەولێر

ژمارەیەک بەرپرسی ئەمەریکی ڕایانگەیاند، ئەمەریکا ڕەزامەندیی دەربڕیوە بۆ کشانەوەی هێزەکانی لە نەیجەر لەسەر داواکاریی دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە.

بەرپرسانی ئەمەریکی، کە نەیانویستووە ناوەکانیان ئاشکرا بکرێت، بە ئاژانسی فرانس پرێسیان ڕاگەیاندووە، کورت کامپێل، جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، ڕازیی بووە بە داواکاریی دەسەڵاتدارانی نیامی بۆ کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لەو وڵاتە، ئەمیش لە دوای کۆبوونەوەیەک لە واشنتۆن لەگەڵ عەلی لامین زین، سەرۆکوەزیرانی نەیجەر  کە پاش کودەتای مانگی تەمووزی ساڵی ڕابردوو  دەسەڵاتی گرتە دەست.

لە ڕێککەوتنەکەدا، مەرجی ناردنی شاندێکی ئەمەریکی بۆ نەیجەر لە چەند ڕۆژی داهاتوودا بۆ ڕێککەوتن لەسەر وردەکاری کشانەوەکە دیاری کراوە.

 دوای کودەتاکە لە 26ـی تەمموزدا محەممەد بازوم، سەرۆکی پێشووی وڵاتەکەی لە پۆستەکەی دوورخرایەوە، ئەمەریکا زۆربەی هاوکارییەکانی لەگەڵ نەیجەر لە نێویاندا هاوکارییە سەربازییەکانی هەڵپەسارد.

زیاتر لە هەزار سەربازی ئەمەریکی لەسەر خاکی نەیجیریا هەن، زۆربەیان لە بنکەی ئاسمانیی ئاگادیر لە باکوری ئەو وڵاتە جێگیر کراون، بنکەکە بە بنکەیەکی ستراتیجیی دادەنرێت بۆ ئەمەریکا و هەواڵگرییەکەی، بەو پێیەی فڕۆکەی چاودێری و هەلیکۆپتەرەکانی ئەمەریکا  و تەواوی ناوچەی ساحل و ڕۆژئاوای ئەفریقادا دەفڕن.

لە 13ـی نیسانی ئەمساڵدا هەزاران هاوڵاتی نەیجیریا لە خۆپیشاندانێکدا لە نیامی پایتەخت هاتنە سەر شەقامەکان بۆ ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە بوونی سەربازی ئەمەریکا لە وڵاتەکەیان.

مانگی ڕابردوو حوکمڕانیی سەربازیی دەسەڵاتداری نەیجەر کۆتاییهاتنی ڕێککەوتنی هاوکاریی سەربازیی لەگەڵ ئەمەریکا ڕاگەیاند، هەروەها بوونی هێزەکانی ئەمەریکای لەسەر خاکی نەیجەر بە نایاسایی لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی نەیجەر زانی.

پاش کودەتاکە، حکوومەتی سەربازی لە نەیجەر دەستەڵاتی گرتە دەست ، لە مانگی یەکدا ڕەزامەندی دەربڕی لەسەر بەهێزکردنی هاوکاریی بەرگریی لەگەڵ ڕووسیا، دوای ئەوەی هێزەکانی فەرەنسی دەرکرد کە لە چوارچێوەی "شەڕ دژی جیهادییەکان لە ناوچەی "کەناراوی ئەفریقا" لەسەر خاکەکەی بوون.