ڕۆژنامەیەک: حەماس بەنیازە سەرکردایەتیی بزووتنەوەکەی بباتە دەرەوەی قەتەر

ئیسماعیل هەنیە، سەرۆکی مەکتەبی سیاسی بزووتنەوەی حەماس
ئیسماعیل هەنیە، سەرۆکی مەکتەبی سیاسی بزووتنەوەی حەماس

K24- هەولێر

ڕۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ"، بڵاوی کردووەتەوە، سەرکردایەتی سیاسی بزووتنەوەی حەماس بیر لە گواستنەوەی بارەگاکەیان بۆ دەرەوەی قەتەر دەکاتەوە، لەگەڵ زیادبوونی فشارەکانی ئەندامانی کۆنگرێسی ئەمەریکا لەسەر دەوحە.

ڕۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ"، لە زاری بەرپرسانی عەرەبیەوە بڵاوی کردەوە، بزووتنەوەی حەماس لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا پەیوەندییان لەگەڵ دوو وڵاتی ناوچەکەدا کردووە، کە یەکێکیان سەڵتەنەتی عومان بووە، سەبارەت بەوەی ئایا ئەوان کراوەن بەرامبەر بە بیرۆکەی گواستنەوەی سەرکردە سیاسییەکانی بۆ وڵاتەکەیان یاخود نا.

ڕۆژنامەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، ڕۆیشتنی حەماس لە قەتەر دەتوانێت دانوستانەکان لەبار ببات بۆ گەیشتن بە ئاگربەست و ئازادکردنی دەیان بارمتەی ئیسرائیلی کە لە غەززە دەستبەسەرکراون، هەروەها ڕەنگە بۆ ئیسرائیل و ئەمەریکاش قورس بێت لە گەیاندنی پەیامەکانیان بەو بزووتنەوەیە.

نێوەندگیرێکی عەرەبی بە ڕۆژنامەکەی گوت: ”ئێستا گفتوگۆکان جارێکی دیکە وەستاونەتەوە ئەگەرێکی کەمی هەیە بۆ ئەوەی بەم زووانە دانوستانەکان دەست پێ بکرێنەوە و نەبوونی متمانە لە نێوان حەماس و دانوستانکارەکاندا کەم بووەتەوە".