نەتەوە یەکگرتووەکان و ناوتۆ داوای دانبەخۆ داگرتن لە ئێران و ئیسرائیل دەکەن

K24 – هەولێر

لە دوو پەیامی جیادا هەر یەک لە گوتەبێژی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و سکرتێری گشتی هاوپەیمانی ناوتۆ داوای دانبەخۆ داگرتن لە ئێران و ئیسرائیل دەکەن بۆ ئەوەی ئاڵۆزییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست قوڵتر نەکەن و نەبنە هۆکاری هەڵگیرسانی شەڕێکی هەرێمی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

ستیفانی دوژاریک گوتەبێژی سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان ڕایگەیاندووە، هەر جۆرە ڕەفتارێکی تۆڵە کردنەوە و کاردانەوەی هەڕەشە ئامێز لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تەنیا دۆخەکە و خراپتر دەکات و دەرئەنجامی وێرانکەری لێدەکەوێتەوە.

دوژاریک دەڵێ: داوا لە سەرجەم وڵاتان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەین پێکەوە کار بکەن لە پێناو دوورکەوتنەوە لە دەرئەنجامی وێرانکەر بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەوەشی پەیوەستە بە فەڵەستینەوە، هانی لایەنەکان دەدەدەین بە ئاڕاستەی چارەسەرکردنی کێشەکە هەنگاو بنێن کە ئەویش پرسی دوو دەوڵەتە.

هەر لە بارەی دۆخی سیاسیی و سەقامگیری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، یێنس ستۆڵتنبێرگ سکرتێری گشتی ناتۆ داوای دانبەخۆ داگرتن لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات و  داواکارە ناوچەکە پەلکێشی شەڕێکی دیکە نەکەن، چونکە هیچ لایەنێک لە شەڕێکی دیکەی هەرێمیی سوودمەند نابینێت.

ستۆڵتنبێرگ دەڵێت: گومانی تێدانییە هەموولایەک نیگەرانین سەبارەت بە ڕاپۆرتەکانی تایبەت بە هێرشکردنە سەر ئێران و وەڵامەکانی ئیسرائیل، هەربۆیە لەگەڵ گرووپی حەوت و سەرکردە جیهانییەکانی دیکەش بۆ ئەوەی دۆخەکە لە دەست دەرنەچێت داوامان لە هەموولایەک کردووە گرژییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست زیاتر نەکەن، چونکە هیچ لایەنێک لە هەڵگیرسانی شەڕێکی دیکە لە ناوچەکە سوودمەند نابێت.

لە سەرەتای ئەم مانگەوە ململانێکانی ئیسرائیل و ئێران لە هەڕەشە دەرچوون و چووە چواچێوەی کردەی سەربازیی دژ بە یەکتر، ئەویش داوای ئەوەی ئیسرائیل لە یەکی ئەم مانگە لە دیمەشق بە فڕۆکە کونسوڵخانەی ئێرانی بۆمبباران کرد و حەوت فەرماندەی باڵای سەربازی پاسدارانی کوشت، لە وەڵامدانەوەی ئەو هێرشەدا ئێران شەوی 13ی ئەم مانگە بە درۆن و مووشەک هێرشی سەر خاکی ئیسرائیل کرد، دوای ئەمەش شەوی هەینی ئیسرائیل بە سێ فڕۆکەی جەنگی جۆری ئێف – 35 هێرشی کردە سەر ڕادارەکانی وێستگەی ئەتۆمی نەتەنز لە ئیسفەها، بەڵام ئێران رەتیدەکاتەوە هیچ هێرشێک کرابیتە سەر ئیسفەهان و تەنیا ڕایگەیاندووە، سیستەمی بەرگری ئاسمانی لە سەربازگەی هەشتەمی ڕاوچییەکانی ئیسفەکان بە ئاراستەی باکووری ڕۆژهەڵاتی شارەکە تەقەیان لە چەند تەنێکی نامۆ کردووە.