هیوا عەلی: ئاسایشی خۆراکی هەرێمی کوردستان و عێراق یەک پاکێجە

K24 - هەولێر

شاندێکی باڵا لەسەر ئاستی وەزارەتی کشتوکاڵ و پەرلەمانی عێراق سەردانی وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستانیان کرد، چەند کۆبونەوەیەکیان کردووە، بەمەبەستی بەبازاڕکردنی گەنمی جوتیارانی هەرێمی کوردستان.

هیوا عەلی، بەرپرسی ڕاگەیاندنی وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، چەند ساڵێکە بەرهەمی دانەوێڵەمان بەرەو باشی چووە، کێشەمان هەیە لەگەڵ وەزارەتی بازرگانی و کشتوکاڵی عێراق لە چوارچێوەی پلانی بەبازاڕکردن؛  لەناوەڕاست و خوارووی عێراق وەرگرتنی گەنم بێسنوورە، بەڵام لە هەرێمی کوردستان لە ئاستی داخوازی جوتیاراندا نییە، بۆیە ئەمساڵ و ساڵی ڕابردووش پێداگریی زۆرمان کرد بۆ چارەی کێشەی جوتیاران.

هیوا عەلی ئاماژەی بەوەش کرد، ئەمساڵ بارانێکی باشمان هەبووە و پێشبینی بەرهەمێکی زۆر باشمان هەیە، بۆیە دەمانەوێت هاوتەریب بین لەگەڵ وەزارەتی بازرگانیی عێراق، کە دەڵێن شەش ملیۆن تۆن گەنم وەردەگیرێت، لە بەر ئەوە ئەو شاندە هاتوون لەنزیکەوە شارەکانی هەرێمی کوردستان بەسەر دەکەنەوە، لەهەمان کاتدا سەردانی کێلگەکانی جوتیاران دەکەن بۆ بینیی دۆخی جوتیاران.

بەرپرسی ڕاگەیاندنی وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێم، باسی لەوەش کرد، ئێمە ساڵی ڕابردووش لەسەر وەرگرتنی ئەو بڕە گەنمە ڕازی نەبووین. ئێمە دەڵێین، دوو ملیۆن تۆن گەنمان هەیە هەوڵدەدەین بڕێکی زۆر لەو بەرهەمە بخەینە چوارچێوەی پلانی بە بازاڕکردن لە سایلۆکانی عێراق، بۆیە ئەوانیش هاتوون ئەو بابەتە ببینن.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 21-04-2024، کەریم سلێمان، بریکاری وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، شاندێکی وەزارەتی بارزگانیی حکوومەتی فیدراڵی لە هەولێرە، لەگەڵ وەزارەتی کشتوکاڵ و بازرگانیی هەرێمی کوردستانیش کۆبووەوە.