وەزیری بازرگانیی تورکیا: سێ ڕێککەوتننامە لە بواری بازرگانی لەگەڵ عێراق مۆر دەکەین

عومەر بۆڵات، وەزیری بازرگانی تورکیا
عومەر بۆڵات، وەزیری بازرگانی تورکیا

K24 – هەولێر:

پرسی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان و چەند بابەتێکی دیکەی گرنگی ئابووری تەوەری سەرەکی سەردانەکەی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا دەبن بۆ عێراق، لەوانەش، مۆرکردنی ڕێککەوتننامەی چوارچێوەی ستراتیجی کە خۆی لە پرسە ئەمنی، بازرگانی و ئابوورییەکان دەبینێتەوە.

وابڕیارە سبەی دووشەممە (22ـی نیسانی 2024) رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا دوای 12 ساڵ بە جانتایەکی پڕ لە دۆسیەی جیاواز سەردانی بەغدا و دواتریش هەولێر دەکات. چاوەڕێ دەکرێت لە دیدارەکاندا جگە لە دۆسیەی ئەمنی، چەندین دۆسیەی جیاوازی بازرگانی و ئابووریی بخرێنە بەرباس کە سەرجەمیان بۆ تورکیا و عێراق و هەرێمی کوردستان گرنگیی تایبەت بە خۆیان هەیە.

لەبارەی ئەو ڕێککەوتننامانەی کە باسیان لێ دەکرێت، ماجد لەجماوی، باڵیۆزی عێراق لە ئەنقەرە ڕایگەیاند، لە سەردانەکەدا کۆمەڵێک بابەتی هەڵواسراو هەن لەنێوان هەردوو وڵات، چارە دەکرێن و گوتیشی: لە بوارەکانی ئەمنی و ئابووری و گەشەپێدان، ڕێککەوتننامەی چوارچێوەی ستراتیجی مۆر دەکرێت.

هەرچەندە دۆسیە ئەمنییەکان بە نهێنی ماونەتەوە، بەڵام ئەو پرۆژانەی کە تا ئێستا بڕیارە مۆر  بکرێن لەلایەن عومەر بۆڵات، وەزیری بازرگانی تورکیا ئاشکرا کران و ڕایگەیاند، سێ ڕێککەوتننامە لە بواری بازرگانی مۆر دەکرێن کە ئەوانیش بریتین لە ڕاگەیاندنی کۆمیتەی هاوبەشی ئابووریی و بازرگانی تورکیا – عێراق، ڕاگەیاندنی پرۆتۆکۆڵی میکانیزمی راویژکاریی و هەماهەنگیی لە بوارەکانی ئاسایشی کاڵا و هەڵگرتنی بەربەستەکانی بەردەم بازرگانی و واۆکردنی یاداشتنامەی لێکگەیشتن لەنێوان دامەزراوەی پەیوەندییە ئابوورییە دەرەکییەکان و ژوورەکانی بازرگانی عێراق.

ئەوەی لە سەردانەکەدا ڕوونە ئەوەیە، دۆسیە بازرگانییەکان بە بەراورد لەگەڵ دۆسیە ئەمنییەکان، کاری لەپێشینەی ئەردۆغان دەبێت، هاوکات دۆسیە هەڵواسراوەکانی وەک هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان، تەوەری سەرەکیی کۆبوونەوەکانی بەغدا و هەولێر دەبێت. هەموو ئەمانە وایان کردووە ئەردۆغان دوای 12 ساڵ و لەو دۆخە ناسەقامگیرەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، سەردانی عێراق بکات.

وابڕیارە سبەی دووشەممە (21ـی نیسانی 2024) رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا بە سەردانێکی فەرمی بگاتە بەغدا و دواتریش سەردانی هەولێر دەکات و بڕیاریشە چەندین ڕێککەوتنی هاوبەش لە نێوان هەردوو وڵات، لە بوارەکانی ئەمنی، ئابووری، بازرگانی و بوارەکانی دیکە واژۆ بکرێت.

ڕۆژی یەکشەممە (21ـی نیسانی 2024) هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا لەبارەی سەردانەکەی سەرۆککۆماری تورکیا بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: لە سەردانەکەدا ئامانجمانە پەیوەندییەکانمان ببێتە هۆی سەقامگیریی ناوچەییی و گەشەپێدان، هەروەها گوتی: لە هەولێر لەگەڵ بەرپرسانی هەرێم کۆ دەبینەوە و دووپاتی پاڵپشتییەکان و پەرەپێدانی پەیوەندییەکان دەکەینەوە.

پێشتریش لە ڕۆژی (19ـی نیسانی 2024) دوای تەواوبوونی لە نوێژی هەینی، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا به‌ رۆژنامه‌نووسانی ڕاگەیاند، دوای سەردانەکەی 22ـی ئەم مانگەی بۆ بەغدا، سەردانی هەولێر دەکات و باسی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا دەکرێت.