ئەمڕۆ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەردانی بەغدا و هەولێر دەکات

سەردانێکی گرنگ و مێژوویی

K24 – بەغدا

ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا کاتژمێر 10ی بەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە 22ی نیسانی 2024، بە سەرۆکایەتیی شاندێکی باڵای وڵاتەکەی بە فڕۆکەیەکی سەربازیی دەگاتە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا و دواتریش  سەردانی هەولێر دەکات .

بە گوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا و شاندە یاوەرەکەی لەلایەن محەمەد شییاع سوودانی سەرۆک وەزیرانی عێراقەوە پێشوازیان لێ دەکرێت.

دواتر سەردانی کۆشکی سەلام دەکات و لەلایەن عەبدولـلەتیف ڕەشید سەرکۆماری عێراقەوە پێشوازی لێ دەکرێت.

هەر لە چوارچێوەی سەردانەکەیدا بۆ بەغدا، بڕیارە رەجەب تەیب ئەردۆغان وەک ڕێزگرتنێک سەردانی گۆڕستانی عوسمانییەکان بکات کە دەکەوێتە ناوچەی ئەعزەمییە.

هەر بە گوێرەی ئەجێندای سەردانەکەی ئەردۆغان بۆ بەغدا بڕیارە لە سەر چەند پرسێک ڕێککەون، لەوانە هەناردەکردنەوەی نەوت لە ڕیگەی بەندەری جەیهان و بەردانەوەی بەشە ئاوی عێراق لە ڕووباری دیجلە بە گوێرەی پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان.

پێشتریش باسم عەوادی، گوتەبێژی حکوومەتی عێراق، لەبارەی سەردانەکەی ئەردۆغان تایبەت بە کوردستان24ـی راگەیاند، ئامادەکاریی پێشوەختە بۆ ئەم سەردانە کراوە و بڕیارە زیاتر لە 20 ڕێککەوتن و یادداشتی لێکتێگەیشتن ئیمزا بکرێن.

عەوادی سەردانەکە و ڕێککەوتننەکانی بە وەرچەرخانێکی مێژوویی لە پەیوەندییەکانی عێراق و تورکیا ناوبردووە و گوتیشی: سەردانەکەی سەرۆکی تورکیا سوپڕایزی زۆر گەورەی تێدایە و لە کۆنفڕانسێکی هاوبەشی رۆژنامەوانییدا ئەردۆغان و سوودانی، وردەکاریی سوپڕایزەکە ئاشکرا دەکەن.