گەورەترین سەنتەری هیمۆفیلیا لە هەولێر کرایەوە

K24 – هەولێر

د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، نەخۆشخانەی نانەکەلی جارێکی دیکە بەشێکی گرنگی کەوتە خزمەتی هاووڵاتییانەوە کە یەکەمجارە لەسەر ئاستی عێراق ئەو خزمەتگوزارییە بەردەستبێت. 

ئەمڕۆ سێشەممە، 23ـی نیسانی 2024، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، لە سەنتەری هیمۆفیلیا کە ئەمڕۆ دەکرێتەوە لە شاری هەولێر، حەوت جۆر دەرمان هەیە کە بە هیچ شێوەیەک لە دەرمانخانەکان و کەرتی تایبەت ئەم دەرمانانە نییە، چونکە ئەمە تایبەتە بەو دەرمانخانەی ئەم نەخۆشخانەیە و حکوومەت. هەروەها نەخۆش لە مانگێکدا دووجار ئەو دەرمانە وەردەگرێت، نرخەکەی سێ هەزار و 500دۆلارە، بۆ چارەسەری تووشبووانی هیمیفۆلیا بەکار دەهێنرێت،هەروەها تێچووی هەندێک نەخۆش مانگانە زیاتر لە 14 هەزار دۆلارە.

بەگوتەی ئەو وەزیرە، "ئەم دەرمانانە هەمووی بۆ نەخۆشە و هەر نەخۆشێكیش تۆماری هەیە، هەروەها فایل و دۆسییەکانیان لەسەنتەرەکەدا هەیە و چارەسەری سروشتیش وەردەگرن."

لە کۆتای گوتەکانیدا د. سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی، دەستخۆشی لە د. کامەران و بنەماڵەی ئەحمەد ئیسماعیل نانەکەلی کرد کە بەردەوام لە هەوڵی دروستکردنی نەخۆشخانە و پاڵپشتی نەخۆشن، هەروەها بەردەوامیش هاوکاری و پاڵپشتی نەخۆش و حکوومەتییان کردووە. هەرچەندە ئەم هاوکارییانەیان یەکەم جار نییە و بەردەوامیشن، ئێستەش ئەوەی لەبەر دەستییاندایە ئەو سەنتەرێکی گەورە بۆ یەکەمین جار لە شاری هەولێر سەنتەری چاندنی مۆغی ئێسک لە پڕۆسەکانی ئامادەسازی و نەخشەسازی ئەندازیاریدایە. جگە لەوەی بەردەوام دەرمان بۆ دەرمانخانەکانی حکوومەتیش دابین دەکەن.

لای خۆیەوە ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاند، نەخۆشخانەی نانەکەلی جارێکی دیکە بەشێکی گرنگی دەکەوێتە خزمەتی هاووڵاتییان ئەویش بەشێ هیمۆفیلیایە، ژمارەیەکی زۆر لەو کەسانەی کە ئەو نەخۆشییەیان هەیە تێیدا سوودمەند دەبن.

ئومێد خۆشناو، وێرای دەستخۆشی بۆ خانەوادەی د. کامەران کە جێ پەنجەیان لەشاری هەولێردا دیار بووە، لەکارە خێرخوازییەکان هەماهەنگن لەگەڵ دامەزراوەکانی دەوڵەتیشدا.

گوتیشی: "نەخۆشخانەی نانەکەلی بۆ نەخۆشییەکانی خوێن و شێرپەنجە، جگە لەوەی لە خزمەتی سنووری پارێزگای هەولێردایە، لەسەر ئاستی عێراقیش وەکو سەنتەرێکی لێهاتووە، ئەوانەی پێویستیان بەو نەخۆشخانە هەیە چارەسەر وەردەگرن، جگە لە خەڵکی هەولێر لەشارەکانی کوردستان و پارێزگاکانی دیکەی عێراق کە ڕووی تێدەکەن."