ململانێ کەوتە نێوان کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنەری ڤاکسینی پەتای کۆرۆنا

K24 - هەولێر

تۆمارکردنی مافی خاوەندارێتی ڤاکسینی پەتای کۆرۆنا ململانێیەکی توندی خستووەتە نێوان سێ کۆمپانیا بەناوبانگەکەی بەرهەمهێنەری دەرمان، کەیسەکە یاساییەکە براوەتە دادگای لەندەن بۆ ئەوەی مافی خاوەندارێتی داهێنانی ڤاکسینەکە یەکلا بکرێتەوە.

ئاژانسی فرانس پرێس بڵاوی کردووەتەوە، هەرسێ کۆمپانیای دەرمانسازی مۆدێرنا ئەمڕۆ سێشەممە (23ی نیسانی 2024) هەردوو کۆمپانیای فایزەر و بایۆنتێک دەباتە بەردەم دادگای لەندەن بۆ ئەوەی مافی خاوەندارێتی ڤاکسینی پەتای کۆرۆنا یەکلایی بکەنەوە کە یارمەتیدەر بوونە لە ڕزگارکردنی ژیانی چەند ملیار کەس لە جیهان و خۆیان بە فریادڕەسی مرۆڤایەتیی دەزانن.

بە گوێرەی زانیارییەکانی ئاژانسە فەرەنسییەکە، کۆمپانیای دەرمانسازی مۆدێرنا کە کۆمپانیایەکی ئەمەریکییە بانگەشەی ئەوە دەکات کۆمپانیای فایزەر – بایۆنتیکی ئەمەریکیی و ئەڵمانی یاسای خاوەندارێتی داهێنان (Patent) یان لەسەر ڤاکسینی کۆمیرناتی پێشێلکردووە کە ڤاکسینێکە بۆ ڕێگری کردن لە تووشبوون بە پەتای کۆرۆنا.

بڕیارە دانیشتنەکەی دادگای لەندەن ئەمڕۆ لە سەر کەیسەکەی هەرسێ کۆمپانیای بەرهەمهێنانی دەرمان بەڕێوە بچێت و تا وەکوو ناوەڕاستی مانگی ئایاری ئەم ساڵ دادگا کەیسەکە یەکلا بکاتەوە.

کۆمپانیای مۆدێرنا بەتایبەتی لە ئەمەریکا و ئەڵمانیا هەمان داواکاری هاوشێوەی پێشێل کردنی پاتێنتەکانی لە دژی فایزەر و بایۆنتێک تۆمارکردووە.

کۆمپانیاکان بە ملیار دۆلاریان قازانج کردووە لە بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای پێشکەوتووی (Messenger RNA - mRNA) لە ڤاکسینەکانی کۆڤید-19.

بەگوێرەی پرۆسە زانستییەکان پەسەندکردنی هەر ڤاکسینێک چەندین ساڵ دەخایەنێت، بەڵام لە دوای بڵابوونەوەی پەتای کۆرۆنا لە ساڵی 2020 بە چەند مانگێک ڤاکیسنەکانی فایزەر – بایۆنتێک و مۆدێرنا لەلایەن ڕێکخراوی تەندروستی جیهانییەوە پەسەند کران بۆ ئەوەی سیستەمی بەرگری تەندروستی جیهانی لە بەرانبەر کۆڤید-19 بەهێز بکەن.

وتەبێژی کۆمپانیای مۆدێرنا ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند کە کۆمپانیاکە ڕۆژی سێشەممە ئیدعای ئەوە دەکات کە کۆمپانیای فایزەر و بایۆنتێک دوو لە پاتێنتەکانی mRNA یان پێشێل کردووە.

لە کۆتاییەکانی ساڵی 2019 ڤایرۆسی کۆرۆنا لە شاری وهانی چینەوە بەرەو جیهان بڵاوبووەوە بە گوێرەی پێگەی ئەلیکترۆنی (world meters) لە سەرتاسەری جیهان 704 ملیۆن و 753 هەزار و 890 کەیسی تووشبووی کۆرۆنا تۆمارکراوە و لە نێویاندا حەوت ملیۆن و 10 هەزار و 681 کەس بە کۆرۆنا مردوون.