ئەمەریکا: لە ئێران سزای سێدارەدان سەدا 37 زیادی کردووە

سێدارەدان لە ئێران
سێدارەدان لە ئێران

K24 - هەولێر

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕایدەگەیەنێت، سزای سێدارەدان لە ئێران سەدا 37 زیادی کردووە و بە خراپترین شێوە مافی ئافرەتان پێشێل دەکرێت. دەشڵێت، خەڵکی ئێران ناتوانن لە ڕێگەی هەڵبژاردنەکانەوە دۆخی وڵاتەکەیان بگۆڕن.

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا لە ڕاپۆرتی ساڵانەی خۆیدا سەبارەت بە دۆخی مافی مرۆڤ لە وڵاتانی جیهان ڕایگەیاند، سزای سێدارە لە ئێران سەدا 37 زیادی کردووە و بە خراپترین شێوە مافی ئافرەتان پێشێل دەکرێت و ئازادییە کۆمەڵایەتییەکان و ئازادیی تاک لەو وڵاتەدا سنووردار دەکرێت.

بەپێی ڕاپۆرتەکە، حکوومەتی ئێران لە ساڵی 2023، 798 کەسی لە سێدارە داوە، ئەو ئامارەش دەری دەخات بەراورد بە ساڵی 2022 سزای سێدارە دان لەو وڵاتە سەدا 37 زیادی کردووە.

هاوکات لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، بەهۆی ناڕەزایەتییە سەرانسەرییەکانی ساڵانی 2022 و 2023ـەوە، دەیان هەزار کەس دەستبەسەر کراون و زۆرینەیان بە ناچاری دانیان بە تاوانی ڕەپاڵدراویاندا ناوە و بەڵێنیان داوە لە هیچ ناڕەزایەتییەکی داهاتوودا بەشدار نەبن، بەشێكیان ماوەیەکی کورت دوای ئەوەی ئازاد کراون، جارێکی دیکە دەستبەسەر کراونەتەوە.

لەو ڕاپۆرتەدا لیستێکی درێژی خاڵەکانی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ و هۆکارەکانیانەوە لەلایەن حکوومەتی ئێرانەوە ڕیز کراون، لەوانە کوشتنی سەرەڕۆیانە یان نایاسایی، بزربوون، ئەشکەنجە و ڕەفتار و سزای ستەمکارانە و سووکایەتیپێکردن، دەستبەسەرکردنی سەرەڕۆیانە، دەستوەردانی سەرەڕۆیانە و نایاسایی لە کاروباری کەسی و تایبەتی و سزادانی ئەندامانی خێزان بە پاساوی ئەوەی بە گوتەی یەکێک لە ئەندامانی خێزانەکە ڕاپۆرتی لێ داون بەوەی کاری نایاسایییان کردووە.

هاوکات ئاماژە بە خاڵەکانی پێشێلکردنی توندی ئازادیی ڕادەبڕین کراوە، لەوانە توندوتیژی، هەڕەشەی توندوتیژانە، دەستبەسەرکردن و ڕاوەدوونانی بێپاساوی ڕۆژنامەنووسان، سانسۆڕ، سنووردانانی ڕژد بۆ ئازادیی ئێنتەرنێت، مۆڵەتنەدان بە کۆبوونەوەی ئاشتییانە و سنووردارکردنی ڕێکخراوە ئایینییەکان و سنووردارکردنی سەردانی دەرەوەی وڵات و گەڕانی ئازادانە لە ناوخۆی وڵاتدا، گەڕاندنەوەی پەنابەران بۆ ئەوە وڵاتانەی تێیاندا ئەشکەنجە و ئازار دەدرێن.

ڕاپۆرتەکە جەختی لەوەش کردووەتەوە، ڕێژەیەکی زۆری ئەو کەسانەی لە سێدارە دراون ئەندامانی پێکهاتە نەتەوەییەکان بوون و چالاکانی مافەکانی مرۆڤیش بەردەوام لێکۆڵینەوەیان لێ دەکرێت و دەستبەسەر دەکرێن، یان هەڕەشەیان لێ دەکرێت.

باسی لەوەش کردووە، جێبەجێکردنی یاساکانی حیجابی زۆرەملێ ئافرەتانی تووشی پێبژاردنی دارایی و زیندان و لێدانی قامچی و کۆمەڵێک هەڕەشەی دیکە کردووەتەوە و بەپێی داتاکانی بانکی جیهانییش حکوومەت ئێران بە شێوەیەکی سیستماتیک هەوڵی داوە هەلی کار بۆ ئافرەتان کەم بکاتەوە و بەشداریی ئافرەتانی لە بازاڕی کاری ئەو وڵاتە لە سەدا 14 کەمترە.

ڕاپۆرتەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا باسی لە پێشێلکردنی مافەکانی کرێکارانیش کردووە و ئاماژەی بەوەش داوە خەڵکی ئێران ناتوانن لە ڕێگەی هەڵبژاردنەکانەوە دۆخی وڵاتەکەیان بگۆڕن و سنووری ڕژد بۆ بەشداریی خەڵک لە کاروباری سیاسیدا دانراوە.

تا ئێستا حکوومەتی ئێران بەفەرمی بۆچوونی خۆی لەسەر ڕاپۆرتەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا دەرنەبڕیوە.