جۆن بۆڵتن بۆ کوردستان24: ئیدارەی بایدن ڕێککەوتنێکی ناڕوونی لەگەڵ گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران هەیە

جۆن بۆڵتن، ڕاوێژكاری پێشووتری ئاسایشی نیشتمانی ئه‌مه‌ریكا
جۆن بۆڵتن، ڕاوێژكاری پێشووتری ئاسایشی نیشتمانی ئه‌مه‌ریكا

K24 – هەولێر:

ڕاوێژكاری پێشووتری ئاسایشی نیشتمانیی ئه‌مه‌ریكا ڕایگەیاند: ئیدارەی بایدن ڕێککەوتنێکی ناڕوونی لەگەڵ گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران هەیە و نیازی کشانەوەی سوپای ئەمەریکای لە عێراق و سووریا هەیە لە بەرانبەر ڕاگرتنی هێرشەکان؛ بەڵام ئەمە لە بەرژەوەندیی ئەمەریکادا نییە.

ڕۆژی سێشەممە (23ـی نیسانی 2024) جۆن بۆڵتن، ڕاوێژكاری پێشووتری ئاسایشی نیشتمانیی ئه‌مه‌ریكا لەمیانی بەشداریی لە گەشتی هەواڵەکانی کاتژمێر (19:00)ـی کوردستان24 بە شڤان عابدی ڕاگەیاند: ستراتیجیی ئەمەریکا بەرامبەر گرووپە چەکدارەکانی عێراق ناڕوونە و ئیدارەی بایدن هەڵوێستی ناڕوونی هەیە بەرانبەر هێرشی ئەو گرووپە چەکدارانەی لەلایەن ئێرانەوە لە عێراق و سووریا پڕ چەک دەکرێن و هاوکاری و ڕاهێنانیان پێ دەکرێت.

جۆن بۆڵتن ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو ناڕوونییەی ئەمەریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە بەرژەوەندی ئێراندایە و ئەگەر ئەمەریکا بەهێزتر کاردانەوەیان بەرامبەر هێرشەکانی گرووپە چەکدارەکان هەبووایە و پشتیوانی بەهێزتری لە ئیسرائیل کردبایە، دەبووە هۆی ئەوەی ئێران پێداچوونەوەی بە کار و هەڵوێستەکانی خۆی دەکرد.

ڕاوێژكاری پێشووتری ئاسایشی نیشتمانی ئه‌مه‌ریكا باسی لەوەش کرد، گرووپە چەکدارەکان بۆ ڕاگەیاندنی ئاگربەست مۆڵەت لە ئێران وەردەگرن و ئاماژەکانیش بەو ئاڕاستەیەن کە ئیدارەی بایدن دەیانەوێت سوپای ئەمەریکا لە عێراق و سووریا بکشێننەوە لە بەرامبەر ئەوەی ئێران ڕەزامەند بێت لەسەر ڕاگرتنی هێرشەکان و ئەو ستراتیجەی ئێستە هەیەتی.

هەروەها جۆن بۆڵتن ڕوونی کردەوە، ڕەنگە ئێرانیش بەو هەنگاوەی ئەمەریکا ڕازی بێت کە ئەمەش زۆر مەترسیدارە، چونکە لە بەرژەوەندیی ئەمەریکادایە کە هێزەکانی لە عێراق و سووریا بمێننەوە نەک بکشێنەوە.

هاوکات جۆن بۆڵتن جەختی کردەوە، کە ماوەی دوو مانگە گرووپە چەکدارەکان هێرشیان نەکردووەتە سەر هێزەکانی ئەمەریکا ئەمەش بە فەرمانی ئێران بووە و هۆکەشی بۆ ترسانی ئەو گرووپانە گەڕاندەوە لە کاردانەوەی توندی ئەمەریکا لە دژی بەردەوامبوون لەسەر بە لێدانی بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا لە ناوچەکە.

ڕاوێژكاری پێشووتری ئاسایشی نیشتمانیی ئه‌مه‌ریكا سەرنجی بۆ ئەوەش ڕاکێشا، جگە لە فشارەکانی ئەمەریکا بۆ سەر ئێران، لاوازیی ئیدارەی بایدن بەرامبەر ئیسرائیل کاریگەری هەبووە لەسەر هێرشەکانی گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران.

جۆن بۆڵتن گوتیشی: گفتوگۆ لەگەڵ ئەمەریکا بۆ کشانەوەی هێزەکانی لە عێراق بۆ کابینەکەی سوودانی وەک یاریکردنە بە ئاگر، لە کاتێکدا ئەوان دەیانەوێت لە دەسەڵاتدا بمێننەوە و ویستی مانەوەی هێزەکانی ئەمەریکاشیان هەیە بۆ ئەوەی بە تەواوی لەلایەن ئێرانەوە کۆنترۆڵ نەکرێن.

لەبارەی هەڵوێستی ترەمپ لە بەرامبەر کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق، جۆن بۆڵتن گوتی: لە ئەگەری سەرکەوتنی ترەمپ لە هەڵبژاردنەکان، دوور نییە هاوشێوەی ئەفغانستان، سوپای ئەمەریکا لە عێراقیش بکشێتەوە، ئەمەش وادەکات ناوچەکە بە گشتی و بە هەرێمی کوردستانیشەوە مەترسی هەڕەشەی ئێرانیان لەسەر بێت.

زیاتر گوتی: ئەگەر محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق دەیەوێت لە دەسەڵات بمێنێتەوە، پێویستە گرووپە چەکدارەکان کۆنتڕۆڵ بکات و کاتێک دەڵێت دەبێت ئەمەریکا پاشکەشکە بە هێزەکانی بکات، یاری بە ئاگر دەکات چونکە ئەگەری هەیە کە دۆناڵد ترەمپ بووە سەرۆک ئەو بڕیارە جێبەجێ بکات.

جۆن بۆڵتن زیاتر گوتیشی: دۆناڵد ترەمپ جیاواز لە بایدن تێڕوانینێکی گشتگیری بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەیە و تێڕوانینی تایبەتی بۆ هەرێمی کوردستان نییە، بۆیە پێویستە بایدن لە هەڵبژاردنەکانی نۆڤەمبەری ئەمساڵ سەرکەوتووبێت تاوەکو سیاسەتی ئەمەریکا لە ناوچەکە وەک خۆی بمێنێتەوە.