ئەردۆغان: تورکیا ئیرادەی بەرەوپێشبردنی هەماهەنگییەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەیە
K24 – هەولێر:
سەرۆککۆماری تورکیا ڕایگەیاند، وڵاتهكهی ئیرادەیەکی تەواوی هەیە بۆ بەرەوپێشبردنی هەماهەنگییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان و لەمیانی سەردانەکەشی بۆ هەولێر، شایەتی دۆستایەتیی تورکیا و هەرێمی کوردستان بووە.
لە کاتی گەڕانەوەی لە هەولێرەوە بۆ ئەنقەرە، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە چاوپێکەوتنێکی ڕۆژنامەوانی لە ناو فڕۆکەکەیدا بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند: لە نزیکەوە شایەتی دۆستایەتیی تورکیا و هەرێمی کوردستان بووە و گوتی: لەگەڵ سەرکردەکانی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوەی سوودبەخشیان ئەنجام داوە.
سەرۆککۆماری تورکیا ئاماژەی بەوەش کردووە: ئیرادەیەکی تەواویان بۆ بەرەوپێشبردنی هەماهەنگییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەیە و جەختی کردەوە: لە کۆبوونەوەکانی لەگەڵ سەرکردەکانی هەرێمی کوردستان هەڵسەنگاندنیان بۆ پەیوەندییە ئابوورییەکان و دۆسییەکانی وزە، گەیاندن، بازرگانی و وەبەرهێنان کردووە.
ڕۆژی دووشەممە (22ـی نیسانی 2024)، دوای ئەوەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان گەیشتە بەغدا و لەگەڵ لەتیف ڕەشید، سەرۆککۆماری عێراق و محەممەد شییاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبووەوە، سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد و لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر لەلایەن نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لێ کرا.
لەمیانی سەردانەکەیدا بۆ هەولێر، سەرۆککۆماری تورکیا لەگەڵ سەرۆک بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.
هەریەکە لە هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا، عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆ، یەشار گولەر، وەزیری بەرگری، ئاڵپارسلان بایرەکتار، وەزیری وزە، عومەر بوڵات، وەزیری بازرگانی و ئیبراهیم کاڵن، سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی تورکیا و ژمارەیەکی دیکە لە وەزیر و بەرپرسانی باڵای تورکیا یاوەری ئەردۆغان بوون.