پات ڕایده‌ر بۆ كوردستان24: بەشداریی عێراق لە چارەکردنی هەڕەشەکانی ناوچەکە بەرز دەنرخێنین

پات رایدەر، گوتەبێژی پێنتاگۆن. وێنە: AFP
پات رایدەر، گوتەبێژی پێنتاگۆن. وێنە: AFP

K24 - ھەولێر:

وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکا ڕایدەگەینێت، دوای زیاتر لە دوو مانگ، گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران هێرش دەکەنە سەر بنکەی هێزەکانیان. هه‌روه‌ها گوتیشی: "بەشداریی عێراق لە چارەکردنی هەڕەشەکانی ناوچەکە بەرز دەنرخێنین".

پات ڕایده‌ر گوتەبێژیی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا ڕایگەیاند، لە 22ـی نیسان گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران دوو ‌هێرشی شکستخواردوویان کردە سەر هێزەکانی ئەمەریکا عێراق و سووریا.

گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکا بە پەیامنێری کوردستان24ـی ڕاگەیاند، عێراق هاوبەشێکی گرنگە و بەشداریی لە چارەکردنی هەڕەشەکانی ناوچەکە بە بەرز دەنرخێنین.

ئاماژەی بەوەش دا، ئەو هێرشانە مەترسی لەسەر سەلامەتیی سەربازانی هاوپەیمانان و عێراق دروست دەکەن.

داواشی لە حکوومەتی عێراق كرد سەلامەتی هێزەکانی ئەمەریکا بپارێزن.

هۆشداریشی دا، ئەگەر ئەو هێرشانە بەردەوام بن، ئەمەریکا لە بەرگریی لە هێزەکانی دوو دڵ نابێت.

پێشتریش پات رایده‌ر رایگه‌یاندبوو، نزیکەی دوو هەزار و 500 سەربازمان لە عێراق هەیە، كه‌ پاڵپشتی هێزەکانی عێراق لە رووی راهێنان و راوێژپێدان، لە کاتی ئۆپەراسیۆنەکاندا، دەکەن.

گوتبوشی: "عێراق بەرەوپێشچوونی گەورەی لە تواناکانی بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و داعش لە نێوخۆدا بەخۆوە بینیووه‌".