بایدن بەنیازە لەم هەفتەیەوە چەکی نوێ بۆ ئۆکرانیا بنێرێت

جۆو بایدن سەرۆکی ئەمەریکا و ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا - وێنە: ئەرشیف
جۆو بایدن سەرۆکی ئەمەریکا و ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا - وێنە: ئەرشیف

K24 - هەولێر

جۆو بایدن سەرۆکی ئەمەریکا دوای پەسەندکردنی پاکێجی نوێی هاوکاریی و پشتیوانییە سەربازییەکانی وڵاتەکەی لە لایەن ئەنجوومەنی پیرانەوە، ڕایگەیاند، بەم نزیکانە چەکی نوێ بۆ ئۆکرانیا دەنێرن. لەلایەنەوە ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیاش خۆشحاڵی خۆیی دەربڕیوە و سوپاسی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمەریکا دەکات.

جۆو بایدن سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاند، لەم هەفتەیەوە دەست دەکات بە ناردنی چەک و پێدوایستییەکانی جەنگ بۆ ئۆکرانیا دەکەن، ئەمەش دوای پەسەند کردنی یاسای پاکێجی نوێی هاوکارییە سەربازییەکان دێت کە لەلایەن ئەنجوومەنی پیرانی ئەمەریکاوە پەسەند کرا.

بایدن لە ڕاگەیەندراوێکدا دەڵێت؛ ئەمە پەیامێکە بە گەلی ئەمەریکای دەگەیەنم، هەر بە گەیشتنی پرۆژە یاسا پەسەند کراوەی ئەنجوومەنی پیران بۆ نووسینگەکەم ڕاستەوخۆ ئیمزای دەکەم بۆ ئەوەی هەرچی زووە چەک و پێداویستییە سەربازییەکان بگەیەندرێتە دەستی سوپای ئۆکرانیا.

لەلایەن خۆیەوە ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا سوپاسی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمەریکای کرد بۆ پەسەند کردنی پاکێجێکی گەورەی هاوکارییە سەربازیی و ئابوورییەکان بۆ پشتیوانیکردنی ئۆکرانیا کە بەهاکەی 61 ملیار دۆلارە.

زێلێنسکی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک پەیامێکی سوپاسگوزاری بڵاوکردووەتەوە و نووسیویەتی: سوپاسی ئەنجوومەنی پیرانی ئەمەریکا دەکەم بۆ پەسەندکردنی یارمەتییە گرنگ و کاریگەرەکان بۆ ئۆکرانیا.

ئەنجومەنی پیرانی ئەمەریکا پاکێجی هاوکاریی و پشتیوانییە ئەمنییەکانی بۆ ئۆکرانیا و ئیسرائیل و تایوان پەسەند کرد کە بەهاکەی 95 ملیار دۆلارە و پاکێجە 20ی ئەم مانگە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا بە زۆرینەی دەنگ تێپەڕێندرا.

لەو پاکێجە هاوکارییەی پەسەند کراوه، بڕی 60.84 ملیار دۆلار هاوکاری بۆ ئۆکرانیا تەرخانکراوە و 23 ملیار دۆلاریشی بۆ پەرەپێدانی چەکی ئەمەریکایی، هەروا 26 ملیار دۆلاری دیکەی پاکێجەکە هاوکاریی و پشتیوانییە بۆ ئیسرائیل و 8 ملیار و120 ملیۆن دۆلاریش هاوکارییە بۆ هاوپەیمانەکانی ئەمەریکا له هەرێمەکانی ئۆقیانووسی هیندی و هێمن، لە نێویشیاندا تایوان.