بەرپرسی کڵێساکانی کاسۆلیکی نەینەوا: ژمارەی کریستییانەکان لە عێراق زۆر کەمی کردووە

رائید عادل، بەرپرسی کڵێساکانی کاسۆلیکی سریانی لە پارێزگای نەینەوا
رائید عادل، بەرپرسی کڵێساکانی کاسۆلیکی سریانی لە پارێزگای نەینەوا

K24 - هەولێر

بەرپرسی کڵێساکانی کاسۆلیکی لە پارێزگای نەینەوا ڕایدەگەیەنێت، نەبوونی سەقامگیری، زەمینەسازیی ئابووری و خزمەتگوزاری؛ ڕێگرن لە گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ سنووری ئەو پارێزگایە. هاوکات ئاماژە بەوە دەکات، ژمارەی کریستییانەکان لە عێراق ڕووی لە کەمبوونەوە کردووە.

رائید عادل، بەرپرسی کڵێساکانی کاسۆلیکی سریانی لە پارێزگای نەینەوا ڕایدەگەیەنێت، خێزانە کریستییانە ئاوارەکان کە گەڕاونەتەوە ناوچەکانیان لە سنووری پارێزگای نەینەوا، ژمارەیان لە 70 خێزان تێناپەڕێت. ئاماژەی بەوەش کردووە بەشێک لە کریستییانەکان بە شێوەیەکی ڕێژەیی، تەنیا بۆ کارکردن یان بۆ خوێندن، یان کڕین و فرۆشتن سەردانی شاری مووسڵ دەکەن.

رائید عادل لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا جەختی لەوە کردەوە، بەشێکی زۆری کریستییانە ئاوارەکان لە هەرێمی کوردستان و چەند ناوچەیەکی دەشتی نەینەوا نیشتەجێن. گوتیشی، بەهۆی نەبوونی ئاسایش و سەقامگیری، ژمارەی کریستییانەکان لە عێراق رووی لە کەمبوونەوە کردووە .

لەلایەکی دیکە، کاردیناڵ لویس ساکۆ، پاتریارك و سەرۆكی كڵێسای كلدانی لە عێراق و جیهان، داوا لە ئاوارە کریستییانەکان لە هەرێمی کوردستان و دەرەوەی عێراق دەکات بگەڕێنەوە ناوچەکانیان لە سنووری پارێزگای نەینەوا، هاوکات داوا دەکات ئاستی خزمەتگوزارییەکان لە ڕووی ئەمنی و ئابوورییەوە وەک زەمینەسازییەک بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان باشتر بکرێت.

بەرپرسی کڵێساکانی کاسۆلیکی نەینەوا ئاماژەی بەوەش کرد، موسوڵمانان و کریستییانەکان بە درێژایی مێژووی چەندین سەدە لە مووسڵ شانبەشانی یەکدی ژیاون تەنیا ئەو چەند ساڵەی دوایی نەبێت کە کریستییانەکان لەو پارێزگایە بە ئامانج گیراون و، ژیانیان ئاستەنگ کراوە.

لەدوای رزگارکردنی مووسڵ لە چەکدارانی داعش و بە دیاریکراوی لە دوای ساڵی 2017، گەورەترین ئاستەنگ بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکانی سنووری پارێزگای نەینەوا بە گشتی و ئاوارە کریستییانەکان، بوونی گرووپ و میلیشیاکان بووە لە شارەکە بەوپێیەی، بەشێکی زۆری ماڵ و موڵکی ئاوارەکان لەلایەن ئەو گرووپانەوە دەستیان بەسەردا گیراوە و، بەشێوەی راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ رێگری لە گەڕانەوەی ئاوارەکان دەکەن.

بەشێکی دیکەی هۆکارەکان کە ڕێگری لە گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ سنووری پارێزگاکە دەکەن، بریتین لە، نەبوونی ئاسایش و سەقامگیری و، گۆڕینی دیموگرافیای دانیشتووان و، نەبوونی پشتیوانی ئابووری ئەمە جگە لەوەی بەشێک لە ئاوارەکان دوای ئەوەی بەهۆی شەڕو ململانێکان لە شارەکە شوێنی ژیانکردنیان لەدەست داوە، هیچ پشتیوانییەکی دارایی لەلایەن حکوومەتی عێراق بۆ دووبارە بنیاتنانەوەی ژێرخانی ژیانکردنیان پێشکەش نەکراوە.