داوا لە پۆلیسی ئینتەرپول دەکرێت وەزیری ناوخۆی ئێران دەستگیر بکەن

K24 - هەولێر

ڕۆژی سێشەممە، ئەرجەنتین ڕایگەیاند، داوای لە ئینتەرپۆل کردووە، ئەحمەد وەحیدی، وەزیری ناوخۆی ئێران دەستگیر بکات بە تۆمەتی تێوەگلانی لە تەقینەوەی ناوەندێکی جوولەکەکانی بوینس ئایرێس کە لەساڵی 1994 دا ڕوویداوە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، وەحیدی لە ئێستادا بەشێکە لەو شاندەی ئێران کە سەردانی پاکستان و سریلانکا دەکات و ئینتەرپۆل لەسەر داوای ئەرجەنتین ئاگادارییەکی سووری لە دژی وەحیدی دەرکردووە.

هەروەها ئەرجەنتین داوای لە حکوومەتی پاکستان و سریلانکاش کردووە، وەزیرەکەی ئێران دەستگیربکەن و ڕادەستی ئەوانی بکەن.

ڕۆژی سێشەممە، وەزارەتی دەرەوەی ئەرجەنتین، لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، "ئەرجەنتین داوای دەستگیرکردنی ئەو کەسانە دەکات کە بەرپرسیارن لەو هێرشەی کە لە ساڵی 1994 سەنتەری "ئامیا"ـی کردە ئامانج، کە لە ئەنجامدا 85 کەس کوژران.

ئاماژەی بەوەشکرد، یەکێک لەو کەسانەی کە داواکراوە "ئەحمەد وەحیدییە، کە لەلایەن دادوەری ئەرجەنتین وەک یەکێک لەو کەسانەی بەرپرسیارە لە هێرشەکەی سەر ناوەندی ئەمیا داواکراوە."

وەزارەتەکە ڕاشیگەیاند، ئەم کەسە لە ئێستادا پۆستی وەزیری ناوخۆی کۆماری ئیسلامی ئێرانی بەدەستەوەیە، هەروەها بەشێکە لە شاندێکی حکومەت کە ئێستا سەردانی پاکستان و سریلانکا دەکەن.

ڕۆژی 12ـی نیسان دادگای ئەرجەنتین تارانی بە بەرپرسیار زانی لە دوو هێرشی خوێناوی کە سێ دەیە لەمەوبەر کۆمەڵگەی جولەکەکانی ئەو وڵاتەیان کردە ئامانج.

هێرشێک لە ساڵی 1992 بۆ سەر باڵیۆزخانەی ئیسرائیل لە بوینس ئایرێس کرا، کە  29 کەس کوژران، دوای دوو ساڵ ناوەندی کۆمەڵەی هاوبەشی ئیسرائیل و ئەرجەنتین لە پایتەختی ئەو وڵاتە لەلایەن بارهەڵگرێکی پڕ لە تەقەمەنی کرایە ئامانج، کە بەهۆیەوە 85 کەس کوژران و 300 کەسی دیکەش برینداربوون.

هەروەها دادگای ئەرجەنتین، حزبوڵای لوبنانی کە تاران پشتیوانی دەکات، تۆمەتبار کرد و هێرشەکەی بۆ سەر ناوەندی ئامیای بە "تاوانێک دژی مرۆڤایەتی" وەسف کرد.

لیوا واحیدی لە ساڵی 2021 وەک وەزیری ناوخۆ دەستنیشانکرا، دوای ئەوەی پێشتر وەک وەزیری بەرگری بووە.

کاتێک هێرشی بوینس ئایرێس ڕوویدا، وەحیدی فەرماندەی سوپای قودس بوو، کە یەکەی ئۆپەراسیۆنە نهێنییەکانی سوپای پاسدارانی ئێران بوو.