مەهاباد میوانداری یەکەمین سیمپۆزیۆم پەیکەرتاشیی ناودارانی کورد دەکات

یەکەمین سیمپۆزیۆمی پەیکەرتاشیی ناودارانی کورد - مەهاباد
یەکەمین سیمپۆزیۆمی پەیکەرتاشیی ناودارانی کورد - مەهاباد

K24 - کوردستان

بە بەشداری شەش هونەرمەندی ناوداری پەیکەرتاشی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، یەکەمین سیمپۆزیۆمی پەیکەرتاشیی ناودارانی کورد لە مەهاباد بەڕێوەچوو.

سیمپۆزیۆمەکە 10 ڕۆژ بەردەوام دەبێت و ئەو پەیکەرانەی لەم ماوەیەدا لە لایەن ئەو شەش هونەرمەندەوە دروست دەکرێن، دواتر لە شوێنە گشتییەکانی شاری مەهاباد دادەنرێن.

یەکەم سیمپۆزیۆمی پەیکەرتاشیی ناودارانی کورد لە مەهابادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە یەکەم ڕۆژی مانگی گوڵانەوە دەستی پێ کردووە.

شەش هونەرمەندی پەیکەرتاش کە چوار کەسیان کوردن، لەم سیمپۆزیۆمەدا بەشدارن و پەیکەری شەش کەس لە ناودارانی مەهاباد دروست دەکەن.

سێ کەس لەو هونەرمەندانە خەڵکی سنەن و سێ کەسەکەی دیکەش خەڵکی شارەکانی کرماشان، هەمەدان و ئابادانن.

بەشیر ناسری، پەیکەرتاش و شێوەکاری دانیشتووی سنە دەڵێ "ئەمە شانازییە بۆ هەموومان، تا بتوانین وەک پەیکەرتاش شێوەی ئەو کەسایەتییانە دروست بکەین، جیا لەمەش زۆر خۆشحاڵم ئەو پەیکەرانە بوونە هۆی ئەوەی خەڵکێکی زۆر لە مەهاباد سەردانمان بکەن و گەورەمان بکەن و پەیوەندییەکانمان فراوانتر بکەین".

ئەم سیمپۆزیۆمە بە دەستپێشخەریی بەشی کەلتووریی شارەوانی مهاباد و ئەنجومەنی شارەوانیی ئەم شاڕە بەڕێوە دەچێت. شوێنی بەڕێوەچوونیشی لە مەیدانی مەنگوڕان بۆ دابین کراوە کە یەکێک لە بازارە کۆن و قەرەباڵغەکانی شاری مهابادە. هونەرمەندان هەموو ڕۆژێ لە کاتژمێر 10ی بەیانیی تا 2ی پاش نیوەڕۆ و لە چواری ئێوارە تا هەشتی شەو لێرە سەرقاڵی پەیکەرتاشی دەبن.

مەهدی زیائەددینی. پەیکەرتاش و شێوەکاری دانیشتووی سنە دەڵێ " لە شاری سنەوە هاتووین بۆ بەشداری لە سیمۆزیۆمی پەیکەرتاشی شاری مەهابا، مایەی خۆشحاڵییە خەڵکێکی زۆر هاتوون و پێشوازییەکی گەرم و گوڕیان لێکردووین".

هەموو ڕۆژێ لە شفتی دووهەمی چالاکیی هونەرمەندەکاندا واتا لە کاتژمێر چواری ئێوارەوە تا هەشتی شەو دەرگای شوێنەکە بە ڕووی هاووڵاتیانیشدا دەکرێتەوە و دەتوانن لە نزیکەوە بینەری کاری ئەو هونەرمەندانە بن. سیمپۆزیۆمەکە لە لایەن دانیشتووانی مهاباد و شارەکانی دیکەی ناوچەی موکریانەوە پێشوازییەکی بەرچاوی لێ کراوە.

سوارە فتووحی، نووسەری دانیشووی مەهاباد دەڵێ " لە 10 ڕۆژدا بە ئامادەبوون و بە بەرچاوی ئامادەبووانەوە پیکەرەکان دادەتاشرێن، ئەمە یەکەم هەنگاوە لەم شارە دەندرێت، هەربۆیە دەرفەتێکە لەبەردەم هۆگرانی ئەم هونەرە تا وەکوو بتوانن لە توانا هونەرییەکانی ئەو پەیکەرتاشانە وەرگرن".

چالاکیی ئەم سیپمۆزیۆمە 10 ڕۆژ بەردەوام دەبێت. لە کۆتاییدا شەش پەیکەرەی مامۆستایان، هەژار، هێمن، خاڵەمین بەرزنجی، محەممەد ماملێ، مەلا غەفوور دەبباغی و محەممەدی قازی دروست دەکرێت و بە بڕیاری ئەنجومەنی شارەوان و شارەوانیی مهاباد، لە شوێنێکی گشتیی ئەم شارە دادەنرێن.