ئەنجوومەنی پیرانی ئەمەریکا پڕۆژەیاسای هاوکاریی ئۆکرانیا و ئیسرائیل و تایوانی پەسەند کرد

باڵەخانەی کۆنگرێسی ئەمەریکا
باڵەخانەی کۆنگرێسی ئەمەریکا

K24 - هەولێر

دوای زیاتر لە شەش مانگ ئەنجوومەنی نوێنەران و سێنات (پیران) پڕۆژە یاسای پاکێجی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمەریکایان پەسەند کرد، کە بە بەهای 95 ملیار دۆلار هاوکاریی سەربازیی ئۆکرانیا، ئیسرائیل و تایوان دەکرێت.

تەنیا ئیمزایەکی سەرۆکی ئەمەریکا ماوە تاوەکو پڕۆژە یاسای پاکێجی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمەریکا بۆ هاوکاریکردنی ئۆکرانیا، ئیسرائیل و تایوان جێبەجێ بکرێت.

دوای ئەوەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا 20ی نیسان بە زۆرینەی دەنگ چوار پڕۆژە یاسای پەسەند کرد، 23ی نیسان ئەنجوومەنی پیران بە 78 دەنگی بەڵێ تەواوی ئەو پڕۆژە یاسایانەی پەسەند کرد.

چەک شومەر، سەرۆکی زۆرینە لە سێنات ڕایگەیاند، ئەگەر لە پەسەندکردنی ئەم پڕۆژە یاسایانە شکستیان بهێنایە، ئەوا خەڵاتێک دەبوو بۆ پوتین، ئێران و سەرۆکی چین.

چەک شومەر، سەرۆکی دیموکراتەکان لە ئەنجوومەنی پیران گوتی، "دوای زیاتر لە شەش مانگ لە هەوڵ و ماندووبوونی زۆر، ئەمەریکا پەیامێکی بۆ تەواوی جیهان نارد. بە هاوپەیمانەکانمان وت ئێمە پشتتان تێناکەین و هاوکاریتان دەکەین. بەنەیارەکانیشمان دەڵێین کێشەمان بۆ دروست مەکەن. بە تەواوی جیهان دەڵێین، ئەمەریکا هەموو شتێک دەکات بۆ پاراستنی دیموکراسی. ئەگەر لە پەسەندکردنی ئەم پڕۆژە یاسایە شکستمان بهێنایە، دەبووە خەڵاتێک بۆ ئێران، پوتن و شی، دواتریش لەڕووی سیاسی، سەربازیی، ئابووری و کلتوورییەوە ئەمەریکا زیانی دەکرد."

ئەو چوار پڕۆژە یاسایەی سێنات و ئەنجوومەنی نوێنەران پەسەندیان کردووە، پێکهاتوون لە پێدانی هاوکاریی سەربازیی بە ئۆکرانیا، ئیسرائیل و تایوان بە بەهای 95 ملیار دۆلار بۆ هەرسێ وڵات. قەدەغەکردنی تیکتۆک لە ئەمەریکا، سەپاندنی سزای نوێ بەسەر ئێران و خەرجکردنی پارە و سەروەتی دەستبەسەرداگیراوی رووسیا بۆ ئۆکرانیا.

پەسەندکردنی پڕۆژە یاساکان کاردانەوەی لێکەوتەوە و ئیسرائیل و ئۆکرانیا پێشوازی لێ دەکەن، ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکرانیا ئاماژەی بەوەدا، ئەوەی سێنات کردی رۆڵی ئەمەریکا وەک چرای دیموکراسی و سەرکردەی جیهانی ئازاد زیاتر دەکات.

پڕۆژە یاساکان تەنیا ئیمزایەکی جۆ بایدنیان پێویستە بۆ جێبەجێکردنیان، بڕیارە لە داهاتوویەکی نزیک لە کۆشکی سپی بخرێنە بەردەست بایدن و ئیمزایان لەسەر بکات.