پەرلەمانتارێک: تورکیا ڕاهێنان بە سوپای عێراق دەکات و ئۆپەراسیۆنەکانی لەسەر سنوور ڕادەگرێت

ژمارەیەک سەربازی سوپای عێراق
ژمارەیەک سەربازی سوپای عێراق

K24 - هەولێر

ئەندامێکی ئەنجوومەنی نوێنەران ڕایدەگەیەنێت، تورکیا راهێنان بە سوپای عێراق دەکات و ئۆپەراسیۆنەکانی لەسەر سنووری هەردوو وڵات ڕادەگرێت.

عەلی بەنداوی، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ڕایگەیاند، لە سەردانەکەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا بۆ بەغدا و کۆبوونەوەی لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق؛ ڕێککەوتنێک دەربارەی مەشق و راهێنان پێکردنی سوپای عێراق لەلایەن تورکیاوە ئیمزا کراوە.

 بە گوتەی ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، ڕێککەوتننامەکە وادەکات چیتر لەسەر سنووری نێوان ئەو دوو وڵاتە چەکداری نایاسایی نەمێنن و تورکیاش ئۆپەراسیۆن لەو ناوچانەی سەر سنوور ناکات.

بەنداوی ڕاشیگەیاند، مەشق و ڕاهێنانەکانی تورکیا بە هێزە عێراقییەکان گرنگە، بەتایبەت کە تورکیا بە یەکێک لە وڵاتە پێشکەوتووەکان لە بواری ئەمنی و سەربازی دادەنرێت و ئەم بابەتەش کاریگەری لەسەر کارەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی نابێت، بە تایبەتی کە لیژنە سەربازییەکان هێشتا کاردەکەن بۆ کۆتاییهێنان بە بوونی هاوپەیمانییەکە و هەر لەبەر ئەم هۆکارەش عێراق پێویستی بە هاوکاری زیاتری ئەمنی لەسەر ئاستە جیاوازەکان لەگەڵ وڵاتانی جیاوازدا هەیە.

ڕۆژی دووشەممە (22ـی نیسانی 2024)، دوای ئەوەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان گەیشتە بەغدا و لەگەڵ لەتیف ڕەشید، سەرۆککۆماری عێراق و محەممەد شییاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبووەوە، سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد و لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر لەلایەن نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازیی لێ کرا.