شاندێکی کۆریای باکوور گەیشتنە ئێران

K24 - هەولێر

ئەمڕۆ چوارشەممە، مێدیای فەرمی کۆریای باکوور ڕایگەیاند، شاندێکی پیۆنگ یانگ بە سەرۆکایەتیی وەزیری بازرگانیی نێودەوڵەتی سەردانی ئێرانیان کرد.

 ئاژانسی هەواڵی ناوەندی کۆریای باکوور بڵاوی کردەوە، وەزیری پەیوەندییە ئابوورییەکانی دەرەوەی کۆریای باکوور، یون جۆنگ هۆ، بە سەرۆکایەتیی شاندێکی وەزاری بۆ سەردانی ئێران، پیۆنگ یانگی بەجێ هێشت، هیچ وردەکارییەکی دیکەی باس نەکردووە.

 ماوەیەکی زۆرە گومانی ئەوە دەکرێت کە کۆریای باکوور و ئێران لە بەرنامەکانی مووشەکی بالیستیکی هاوکاری یەکتر بکەن، ڕەنگە شارەزایی تەکنیکی و پێکهاتەکان لە بارەی مووشەکی بالیستیکی ئاڵوگۆڕ بکەن.

 ئاژانسی ڕۆیتەرز لە مانگی شوباتی ڕابردوودا، ڕایگەیاندبوو، ئێران ژمارەیەکی زۆر مووشەکی بالیستیکی بۆ ڕووسیا دابین کردووە بۆ ئەوەی لە شەڕی ئۆکرانیا بەکاری بهێنیت.

هەروەها گومانی ئەوە دەکرێت کە کۆریای باکوور مووشەک و تۆپ بۆ ڕووسیا دابین بکات، هەرچەندە هەردوو وڵات ئەو تۆمەتەیان ڕەتکردووەتەوە.

داتاکانی حکوومەتی کۆریای باشوور ئاماژە بەوە دەکات، کە "یون جۆنگ هۆ" پێشتر کاری بۆ چەسپاندنی پەیوەندییەکانی کۆریای باکوور و سوریا کردووە.