جەمال کۆچەر: دەبێت بەشی مووچەی فەرمانبەران وخانەنشینانی هەرێمی کوردستان لە بودجە جیا بکرێتەوە

K24 - هەولێر

پەرلەمانتارێکی عێراق ڕایگەیاند، ئێمە دەنگمان بە بودجەی سێ ساڵ داوە، بەڵام لە خشتەی بودجە تەنیا دەنگمان لەسەر بودجەی ساڵی 2023 داوە.

د. جەمال کۆچەر، ئەندامی لیجنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، ئێمە دەنگمان بە بودجەی سێ ساڵ داوە، بەڵام لە خشتەی بودجە ئێمە دەنگمان لەسەر بودجەی ساڵی 2023 داوە کە بۆ ساڵێکە، ئینجا حکوومەت پێوستە بودجەی 2024 بەڕێ بکات لەگەڵ هەندێک گۆڕان لە بەشێک بڕگەدا، هەروەها بودجەی 2025یش بەڕێ بکات، بەبێ بەڕێکردنی ئەو بودجانە، حکوومەت ناتوانێت هیچ خەرج بکات.

جەمال کۆچەر گوتیشی: لەیاسای ئیدارەی داراییدا هاتووە، لە 15ـی 10 بۆ هەرساڵێک وەزارەتی دارایی و وەزارەتی پلاندانان، پێکەوە ئەو ڕەشنووسە ڕەوانەی ئەنجوومەنی وەزیران بکەن، ئەوانیش بۆ ماوەیەکی زەمەنی کە دوو هەفتەیە، دەنگی لەسەر بدەن و هەمواری بکەن و بنینێرنە پەرلەمان، بەس ئەو هیچ جارێک نەکراوە، هەروەها زۆربەی جار سەری ساڵیش دەڕوا هێشتا ڕەوانە ناکرێت.

دەشڵێت: یەکێک لە خراپییەکانی دەنگدان لەسەر بودجەی سێ ساڵدا ئەوەیە حکوومەت پارەی لەبەر دەستە و هیچ فشارێکی لەسەر نییە کە پەلە لە پەسەندکردنی بودجەی ساڵاکانی دیکە بکات.

لەبارەی جێگیرکردنی نرخی نەوت لە بودجەدا، ئەو پەرلەمانتارە ڕایگەیاند، بە بڕوای من نرخی نەوت هەر وەکو خۆی دەمێنێتەوە لە بودجەدا کە 70 دۆلارە، چونکە ئەو نرخەی ئێستا هەیە نرخی گشتی بازاڕە هەڵکشان و داکشانی تێدایە، بەڵام ئەگەر حکوومەت پڕۆژەی زۆری هەبێت لە 2024 ڕەنگە بیر لەوە بکاتەوە گۆڕان لە نرخی نەوتدا بکات لە یاسای بودجەدا.