وەزارەتى ناوخۆی عێراق کۆت و بەندى سەر تۆمارى کوردانی فەیلی هەڵ دەگرێت

لۆگۆی وەزارەتی ناوخۆی عێراق
لۆگۆی وەزارەتی ناوخۆی عێراق

K24 - هەولێر

بە فەرمانی سەرۆکی بە وەکالەتی پەرلەمانی عێراق، وەزارەتى ناوخۆ کۆت و بەندى سەر تۆمار و لاپەڕەى کوردانی فەیلی هەڵ دەگرێت.

وەزارەتى ناوخۆی عێراق نووسراوێکى ئاراستەى سەرجەم فەرمانگەکانى تۆمارکردن کردووە کە کۆت و بەندى سەر تۆمار و لاپەڕەى ئەو کوردە فەیلییانە هەڵ بگرن کە بەهۆی سیاسەتەکانى حیزبی بەعسی هەڵوەشاوە کارەکانیان ڕاگیرا بوو.

ئەم هەڵگیرانە، لە دواى داوایەکى موحسین مەندەلاوى، سەرۆکی بەوەکالەتی پەرلەمانی عێراق هات، کە لە نووسراوەکەدا هاتووە، "بڕیار درا بە هەڵوەشاندنەوەى سەرجەم بەو بڕیار و رێنماییانەى کە تایبەتن بە ڕاگرتنى مامەڵەى هاووڵاتییانى کوردى فەیلى و پێویستە دەست بە مامەڵە ئاساییەکانیان بکرێتەوە".

بەگوێرەی دوایین ئاماری پشتڕاستکراوە، تا ئێستا زیاتر لە 22 هەزار کوردی فەیلی بزرن و لە سەرەتای ساڵی 1980 تا 1990، 14 شوێنی کوردانی فەیلی بە تەواوەتی خاپوورکراون و بەشێکی زۆریان بە ناچاری ڕەوانەی سنوورەکان ئێران کران.