وێستگەی کارەبای 132 کەی ڤیی کەلار، مانگی شەشی ئەمساڵ دەکەوێتە کار
K24 – هەولێر:
پرۆژەی دروستکردنی وێستگەی کارەبای 132 کەی ڤیی کەلار، لە قۆناغی کۆتاییدایە و 85%ـی کارەکانی تەواو بووە و لە مانگی شەشی ئەمساڵ دەست بە کار دەکات.
پرۆژەکە لەلایەن وەزارەتی کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە بڕی 18 ملیار و 132 ملیۆن دینار جێبەجێ دەکرێت.
لەلایەن خۆیەوە، مەحموود کەریم، ئەندازیاری سەرپەرشتیاری پرۆژەکە بە فەرمانگەی مێدیا و زانیاریی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی ڕاگەیاندووە: "هەموو گوژمەکەی پرۆژەکە لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە دابین دەکرێت و بەمزووانە و لە مانگی شەشدا هەموو پرۆژەکە تەواو دەبێت و دەکەوێتە کار".
ئەو پرۆژەیە کێشەی ڤۆڵتییە و کەمیی کاتی پێدانی کارەبا بۆ پرۆژەکانی نیشتەجێبوون چارە دەکات و خزمەتێکی زۆر بە هاووڵاتییانی کەلار دەگەیەنێت.
کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پرۆژە خزمەتگوزارییەکانی بەردەوام دەبێت و باشکردنی دۆخی کارەبا لە پێشینەی کارەکانییەتی.