ڕوانگه‌ی سووری بۆ مافه‌كانی مرۆڤ: ئێران هێز و توانای سه‌ربازیی له سووریا كه‌م ده‌كاته‌وه
K24 – هەولێر:
ئێران دوای هێرشه‌كانی ئیسرائیل بۆ سه‌ر پێگه و باره‌گاكانی، بوونی سه‌ربازیی له سووریا كه‌م ده‌كاته‌وه و له چه‌ند هه‌فته‌ی ڕابردوودا هێزه‌كانی له چه‌ند شوێنێك كشاندووه‌ته‌وه.
به‌گوێره‌ی زانیارییه‌كانی ڕوانگه‌ی سووری بۆ مافه‌كانی مرۆڤ، دوای هێرشه‌كانی ئه‌م دواییه‌ی ئیسرائیل بۆ سه‌ر بنكه و باره‌گا سه‌ربازی و دیپلۆماسییه‌كانی ئێران له سووریا، تاران بڕیاری داوه به كه‌مكردنه‌وه‌ی هێز و توانا سه‌ربازییه‌كانی له وڵاته‌كه.
ڕوانگه‌ی سووری بۆ مافه‌كانی مرۆڤ ڕایگه‌یاندووه، ئێران له چه‌ند هه‌فته‌ی ڕابردوودا هێزه‌كانی له چه‌ند پێگه‌یه‌كی ڕیفی دیمه‌شق، ده‌رعا و قونه‌یته‌ره له باشووری سووریا كشاندووه‌ته‌وه.
سه‌رچاوه‌یه‌ك به ڕوانگه‌ی سووری بۆ مافه‌كانی مرۆڤی گوتووه، ئێران ته‌نیا نوێنه‌رایه‌تییه‌كی له دیمه‌شق ده‌بێت كه په‌یوه‌ندیی نێوان حكوومه‌تی سووریا و گرووپه چه‌كداره‌كانی سه‌ر به ئێران ڕێك ده‌خات.
ئێوارەی ڕۆژی (1ـی نیسانی 2024) میدیای فه‌رمیی ئێران ڕایگه‌یاند، له ئه‌نجامی هێرشێكدا كه له‌لایه‌ن ئیسرائیله‌وه کراوە، هه‌شت كه‌س له بەشی کونسوڵیی باڵیۆزخانه‌ی ئێران له دیمه‌شق كوژراون.
دوای هێرشەکەش حوسێن ئه‌كبه‌ری، باڵیۆزی ئێران له دیمه‌شق ڕایگه‌یاند، ئه‌و هێرشه‌ی ئیسرائیل به‌ڵگه‌یه له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی دان به شه‌رعیه‌تی یاسا نێوده‌وڵه‌تییه‌كاندا نانێت.