ئێمباپێ ئاڵای سپی هەڵ كرد

لە پاریس "پادشا و كەڵەگایە"، بەڵام لە ڕیال مەدرید سنووری بۆ داندراوە
فلۆرێنتینۆ پێرێز و كلیان ئێمباپێ
فلۆرێنتینۆ پێرێز و كلیان ئێمباپێ

بە گوێرەی راپۆرتە هەواڵەكان، كلیان ئێمباپێ ئەستێرەی فەرەنسی ناتوانێت ئەو هێز و پادشایەتییەی لە پاریس سانجێرمان هەیبوو لە ڕیال مەدرید هەیبێت، لە نوێترین كاردانەوەدا ئێمباپێ بڕیاری داوە لە داواكارییەكەی پێشووی بكشێتەوە، چونكە ترسی لەوە هەیە بەهۆی مەرجەكانی، كەشوهەوای ژووری جلگۆڕینی یاریزانانی ریال مەدرید تێك بدات و بەرەنگاری ببنەوە.
ڕۆژنامەی ئاسی ئیسپانیا، پێشتر ئاماژەی بۆ ئەوە كرد بوو كلیان ئێمباپێ مەرجی ئەوەی دانابوو لە شوێنی ڤینسیۆس لە باڵی چەپ یاریی بكات، هەمان ئەو شوێنەی كە ئێستا ئێمباپێ لەگەڵ لویز ئێنریكی ڕاهێنەری پاریس سانجێرمان لە كێشەدایە چونكە نایەوێت وەكو هێرشبەری سەرەڕم یاریی بكات.
سەرچاوەكە نووسیویەتی: ئێمباپێ لە ترسی ئەو پێشهاتەی لە ڕۆژانی داهاتوو ڕووبەڕووی دەبێتەوە لە بەرامبەر زۆرێك لە داخوازییەكانی نەرمیی نواندووە و نایەوێت لەم دۆخە باسی هیچ شتێك بكات، بەتایبەتی ئەگەری ئەوە هەیە ئەگەر ڕیال مەدرید و پاریس سانجێرمان بەربەستی یانەكانی دۆرتمۆند و بایرن میونشن تێ پەڕێنن ڕەنگە لە یاریی كۆتایی چامپیۆنزلیگ ڕووبەڕووی یەكتر ببنەوە.
بەپێی هەمان سەرچاوە، ئێمباپێ وادەی رۆیشتنی بۆ ریال مەدرید دواخستووە بۆ ئەوەی لە لایەن هاندەرانی ریال مەدرید و پاریس تووشی هیچ فشارێك نەبێت، ئەو یاریزانە زیاتر خۆی پەیوەست كردووە بە یانەكەی ئێستای، دەیەوێت بەوپەڕی ئارامی و شكۆ، بەبێ كێشە پرۆسەی گواستنەوەكەی بۆ ریال مەدرید تەواو بكات.  
ڕۆژنامەی ئاس هێمای بۆ ئەوە كردووە ئێستا كەشوهەوایەكی زۆرباش و هێمن و پتەو لە نێوان یاریزانانی ژووری جلگۆڕینی ریال مەدرید هەیە، ئێمباپێ ترسی لەوە هەیە بەهۆی داخوازییەكانی لەسەر ریال مەدرید لەگەڵ یاریزانانی شاهانەكان تووشی بەریەككەوتن بێت، بۆیە بڕیاریدا ئاسانكاری بۆ ریال مەدرید و هاوڕێیە نوێیەكانی بكات و بۆ وەرزی داهاتوو وەكو هێرشبەرێكی سەرەڕمی ژمارە (9) یاریی بكات و باڵی چەپیش بۆ ڤینسیۆس جۆنیۆر جێبهێڵێت، باڵی راستیش بۆ رۆدریگۆ بێت.
ئەمەش لە كاتێكدایە كە ئێمباپێ لە پلانەكانی لویز ئێنریكی چەندانجار ناڕەزایەتی دەربڕیوە بەرامبەر بە یاریکردنی وەکو یاریزانی سەرەڕم، چونکە حەز دەكات لە باڵی چەپ یاری بکات، بەڵام رۆژنامەی داریۆ گۆڵی ئیسپانیا نووسیویەتی: ئێمباپێ لە دوای پەیوەندیكردنی بە ریال مەدرید كۆتایی بەو "پادشایەتی و كەڵەگایەتییەی" دێت، لە ریال مەدرید هەموو شتێك سنووری خۆی هەیە.