عەبدولرەحمان سدیق: پێویستە کۆتایی بە کاری مووەلیدەی گەڕەکەکان بهێنرێت

عەبدولرەحمان سدیق، سەرۆکی دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگە
عەبدولرەحمان سدیق، سەرۆکی دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگە

K24 – هەولێر:

سەرۆکی دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگەی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەوڵەکانی خستووەتەگەڕ بۆ ئەوەی لە ئایندەدا پێویستی بە مووەلیدەی گەڕەکەکان نەمێنێت بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا، کە هۆیەکن بۆ پیس کردنی ژینگە.

ڕۆژی چوارشەممە (24ـی نیسانی 2024) عەبدولرەحمان سدیق، سەرۆکی دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگەی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: رێژەی 25%ـی وزەی کارەبای بەرهەمهاتووی وەزارەتی کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە سەرچاوەی وزەی خاوێنە کە بریتین لە (سۆلار، هایدرۆ و غازی هاوەڵ).

عەبدولرەحمان سدیق ئاماژەی بەوەشدا، ئاسانکاریی باش هەیە بۆ دابینکردنی سەرچاوەی وزەی خاوێن کە بە دۆستی ژینگە ناسراوە و ڕوونیکردەوە: ئەو پڕۆژەیەی عێراق لەگەڵ تورکیا ئێستا بە نیازە بۆ سوود وەرگرتن لە غاز بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا، حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە سێ پرۆژە پێش عێراق ئەو کارەی کردووە.

لەبارەی پرۆژەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا، عەبدولرەحمان سدیق باسی لەوەشکرد: لە هەرێم بە سێ پرۆژە هەوڵ دراوە سوود لە غازی هاوەڵ وەر بگیرێت، چ لە بەکارهێنانی بۆ بەرهەمهێنانی بۆ وزەی کارەبا، یاخود دووبارە خستنەوەی بۆ ژێر زەوی، کە هەردوو پرۆسەکە لە خزمەتی ژینگەدایە.

ڕۆژی (18ـی ئایاری 2023) سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، بەردی بناغەی وێستگەیەکی نوێی بەرهەمهێنانی کارەبا بە وزەی خۆر دانا و وەزارەتی کارەبای حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەو بارەوە ڕایگەیاند: "پرۆژەکە دەبێتە گەورەترین وێستگەی بەرهەمهێنانی کارەبا بە وزەی خۆر لە هەرێمی کوردستان و عێراق، کە توانای بەرهەمهێنانی 25 مێگاوات کارەبایە و گوژمەی پڕۆژەکە 100 ملیۆن دۆلارە و لەسەر ڕووبەری 590 دۆنم زەوی دروست دەکرێت.

کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان چەندین هەنگاوی گەورەی بۆ پاراستنی ژینگە و کەمکردنەوەی کاریگەرییە نەرێنیەکانی وزەی سووتێنەری وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا دەست پێ کردووە و لەوانەش بڕیاری دروستکردنی وێستەگەیەکی بەرهەمهێانی کارەبا لە ڕێگەی وزەی با، بە گوژمەی 235 ملیار دینار و توانای بەرهەمهێنانی 100 مێگاوات کارەبا لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران.