بەرگریی شارستانی هۆی ڕوودانی دوو ئاگرەکەی دوێنێی هەولێر ئاشکرا دەکات

ڕووداوی ئاگرکەوتنەوە لە بازاڕی هەولێر
ڕووداوی ئاگرکەوتنەوە لە بازاڕی هەولێر

K24 - هەولێر:

لە ڕاگەیەندراوێكدا بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانیی پارێزگای ھەولێر، هۆی ڕووداوی ئاگرکەوتنەوەکانی دوێنێ شەوی بازاڕی شێخەڵلای ئاشکرا کرد و ڕایگەیاند، بەهۆی ماتۆڕی موبەریدەیەك و شۆرتی کارەباوە بووە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: "لە (23ـی نیسانی 2024) دوو ڕووداوی ئاگر كەوتنەوە لە بازاری شێخەڵڵا كەوتەوە و دەستبەجێ تیمەكانی بەڕێوەبەرایەتیمان دەرچوون بۆ شوێنی ڕووداو، توانرا لە ماوەیەكی كەم كۆنترۆڵی ھەردوو ئاگرەکە بکرێت، جگە لە زیانی ماددی ھیچ زیانێكی گیانیان لێ نەكەوتەوە".

بەرگریی شارستانیی هەولێر ئاماژەی بەوە کردووە: دوای كۆنترۆڵ كردنی ئاگرەكە لێجنەیەكی تایبەتمەند پێك ھات لە (بەڕێوەبەرایەتیی بەرگری شارستانیی هەولێر و بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشیی هەولێر و بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی هەولێر) بەمەبەستی لێکۆڵینەوە لە هۆی ڕوودانی ئاگرەکان وبە گوێرەی گرتەڤیدیۆی كامێرای چاودێریی شوێنەكە، دەركەوت ڕووداوی یەكەم بەھۆی ماتۆڕی موبەریدەیەكەوە بووە لە سەربانی دوكانەكە و ڕووداوی دووەمیش بەھۆی شۆرتی كارەباوە بووە.