دانا عەبدولکەریم: نۆژەنکردنەوەی ڕێگەی بالیسان حکوومەت جێبەجێی دەکات، نەک هیچ لایەنێک
K24 - هەولێر
دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوە تایبەت بۆ کوردستان24 ی ڕاگەیاند، کارەکانی نۆژەنکردنەوەی ڕێگەی بالیسان بە درێژایی 24 کیلۆمەتر دەستی پێکردووە و 7.650 ملیار دیناری بۆ تەرخانکراوە.
گوتیشی: ئەوە پڕۆژەی حکوومەتە و ئەو کەس و لایەنانەی بانگەشەی ئەوە دەکەن وەک حزب پارەیان بۆ تەواوکردنی پرۆژەکە تەرخان کردووە وانیە ، ئەو پرۆژەیە حکوومەت پێی هەستاوە و هەر خۆشی تەواو دەکات.
سەبارەت جووت سایدی ڕانیە – دوکان، وەزیری ئاوەدانکردنەوە ڕایگەیاند، پرۆژەکە لە سێ قۆناغ پێکدێت، قۆناغی یەکەمی لە چوارقوڕنە تاوەکوو پردی هیزۆپ 99% کارەکانی تەواو بووە، قۆناغی دووەمی لە پردی هێزۆپ تاوەکوو خەلەکانەوە %45ی تەواوکراوە، بەڵام چەند هۆکارێکی تەکنیکیی و دارایی بوونەتە رێگری لەبەردەم پرۆژەکە، سەرەڕای ئەم قەیرانە داراییە هەیە، هەوڵیش دەدەین ئەمساڵ قۆناغی سێیەمی ڕیگەکە بخەینە تەندەرکردن و دەست بە جێبەجێ کردنی بکرێت.
هەروەها ڕاشیگەیاند، جووت ساید کردنی ڕێگەی دەربەندی ڕانیە بۆ شاردێی ژاراوە لە پلانی کارەکانی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەیە دیزاینیشی ئامادەی و خراوەتە چوارچێوەی قەرزی بانکی نێودەوڵەتیی بۆ هەر کاتێک بانکەکە ڕەزامەندی لە سەر قەرزەکەی کرد و بڕیارەکەی گەڕایەوە عێراق، پرۆژەکە جێبەجێ دەکرێت، بەڵام تا وەکوو ئێستا بانکی نێودەوڵەتی ڕەزامەندی نەداوە.