سامان بەرزنجی: داوا لە دایکان و باوکان دەکەم منداڵەکانیان بکوتن و گوێ بەهیچ پڕوپاگەندەیەک نەدەن

د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان
د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان

K24- هەولێر

وەزیری تەندروستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، داوا لە دایکان و باوکان دەکەین گوێ لە هیچ پڕوپاگەندەیەک نەگرن و منداڵەکانیان بە ڤاکسینی دژە سورێژە بکوتن.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 25ـی نیسانی 2024، د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، پەیامی ئێمە بۆ دایکان و باوکان ئەوەیە کە منداڵەکانیان بکوتن دژی نەخۆشییەکانی سورێژە.

بەگوتەی ئەو، "ئەو پڕوپاگەندەی کە بڵاو بووەتەوە لەناو دایک و باوکان و هاووڵاتییان، گوایە ئەو کوتانە تووشی نەخۆشییەکانی ئایدزییان دەکات، درون لە ڕاستییەوە، وەزارەتی عێراقی فیدراڵ بە خێرایی ئەو پڕوپاگەندەی ڕەت کردەوە، ئەوەی دەگوترێ لە دوور و نزیکەوە هیچ بنەمایەکی ڕاستی نییە."

سامان بەرزنجی دەڵێت: "هاووڵاتییان بەهەڵە تێگەیشتوون، وەزارەتی تەندروستی عێراق لەوبارەیەوە ڕوونکردنەوەی داوە، و ئەو کەسەی کە ئەو پڕوپاگەندەشی بڵاو کردووەتەوە دراوە بە دادگا، بۆ لێکۆڵینەوەی هۆکاری ئەو ترس و دڵەڕاوکێیەی کە لەناو هاووڵاتییان بڵاوی کردووەتەوە."

ڕاشیگەیاند، "ئەو دەرمانانە بە چەندین فلتەری کۆوالێتی کۆنترۆڵدا دەرچووە و هەڵمەتێکی نیشتمانییە، حەوت ملیۆن منداڵ لە عێراقدا ئەم پێکوتە وەردەگرن، جارێکی دیکە دڵنیایی دەدەینە هاووڵاتییان و هیواداراین کەس باوەڕ بەو پڕوپاگەندانە نەکات."