کۆمەڵەیەکی جوو ئامادەن پارەیەکی زۆر بدەن لە پێناو قوربانیکردن لە مزگەوتی ئەقسادا

K24 - هەولێر

سەرچاوە ئەمنییەکان لە تەلئەڤیڤ، ڕۆژی چوارشەممە، سەبارەت بە ئازادکردنی سێ هاووڵاتی جوو، کە لە کاتی هەوڵدانیان بۆ سەربڕینی قوربانی لە حەوشەی مزگەوتی ئەقسا دەستگیر کرابوون، هەروەها هۆشداریی درایە ئەو کۆمەڵەیەی لە پشت ئەو هەوڵانەن.

بەپێی میدیای عیبری، ئازادکردنی ئەو کەسانە بە دەستێوەردانی وەزیری ئاسایشی ناوخۆ، ئیتیمار بن گڤیر بووە، کە بە کەسێکی توندڕەو ناسراوە، ئەو کەسانە سەر بە کۆمەڵەی "گەڕانەوە بۆ شاخ"ن، کە هەوڵی سەربڕینی قوربانییان داوە لە ئەقسا.

ناوی کۆمەڵەی "گەڕانەوە بۆ شاخ" دەگەڕێتەوە بۆ دامەزرێنەرانی کۆمەڵەی ئەقسا کە بە "جەبەل ئەلبەیت" ناوی دەبەن، لەسەر بنەمای ئەو بانگەشەیەی کە دەڵێن: "مزگەوتی قوبە لەسەر داروپەردووی پەرستگای پیرۆزی جووەکان وەستاوە".

ئەو جووانە کاتێک دەستگیر کراون کە بزنێکیان پێ بووە و بە نیازی سەربڕینی وەک قوربانیی بە بۆنەی جەژنی "پێساخ"ی جووەکان، بەرەو مزگەوتی ئەقسا دەڕۆیشتن.

ئەو کۆمەڵە لە ساڵی 2015ەوە کار دەکات، کە یەکێکە لەو کۆمەڵە و بزووتنەوەیە جووانەی هانی جووەکانی دیکە دەدات بۆ چوونە ناو مزگەوتی ئەقسا و نوێژ و ڕێوڕەسمی ئایینی.

ساڵانە ئەندامانی ئەو کۆمەڵەیە هەوڵی سەربڕینی قوربانی دەدەن لە مزگەوتی ئەقسا، سەرکردەکانی ئەو کۆمەڵەیە زمانی عەرەبی بە شێوەزاری فەڵەستینی فێر بوونە، هەر چالاکوانێکی دەستگیر کراو بڕی 120 دۆلاری دەدەنێ، هەروەها هەرکەسێک لە هەوڵی هێنانی بزنێکدا دەستگیر بکرێت، 240 دۆلار وەردەگرێت، لەکاتێکدا هەرکەسێک بتوانێت بزنێک لە ناو ئەقسا سەرببڕێت، 2600 دۆلار وەردەگرێت.

 

بڕە پارەیەکی زۆر پێشکەش بە هەموو عەرەبێک دەکەن کە یارمەتیان بدات بچنە ناو حەرەمەوە یان ئامادەکاری بکەن بۆ شاردنەوەی بزنێک لە ماڵەکەیدا تا جووەکان بیبەن بۆ ئەقسا، لەکاتێکدا ئەوان جل و بەرگی عەرەبیان لەبەردایە. سەرەڕای دەستگیرکردنیان لەلایەن پۆلیسەوە، پرۆسەکە دووبارە دەکەنەوە.

بەگوێرەی ڕۆژنامەی هارتێز، ئەم کۆمەڵەیە لە بن گڤیر و خێزانەکەیەوە نزیکن، ​​بەو پێیەی گوتەبێژەکەی ئەندامی سەرکردایەتییەکەیە، هاوژینەکەیشی لە ڕیزەکانیدا چالاکە.

ڕۆژنامەی عیبری پشتڕاستی کردەوە کە دەستێوەردانەکەی بن گڤیر پێشێلکردنی یاسایە و پێچەوانەی بڕیارەکەی دادگای باڵای دادوەرییە، کە دەستوەردانی وەزیر لە کاری پیشەیی پۆلیس قەدەغە دەکات.

ڕافایل مۆریس، سەرۆکی کۆمەڵەی "گەڕانەوە بۆ شاخ" دەڵێت: سەربڕینی قوربانی گرنگترین ڕێوڕەسمی ئایینییە لە جەژنی پێساخدا، ئاماژەی بە نامەیەک کرد کە 15 حاخام ئاراستەی سەرۆکوەزیرانی بنیامین ناتانیاهۆ و نووسینگەکەی کردبوو، ڕێگە بە دانیشتووان بدرێت قوربانی سەرببڕن.

مۆریس گوتیشی: ئەمساڵ ئێمەش لە ئەرکەکەماندا شکستمان هێنا، بەڵام لە ئێستاوە خۆمان ئامادە دەکەین بۆ ئەوەی ساڵی داهاتوو هەوڵێکی دیکە بدەین. هیوادارین نەک تەنها بزنێک، بەڵکو مانگایەکی سوور ببەین. واتە پیرۆزترە.