سەربەست لەزگین: پارتی کۆمەڵێک تێبینی لەسەر چۆنییەتی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان هەیە

سەربەست لەزگین، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان
سەربەست لەزگین، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان

K24 – هەولێر:

ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاند: کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و نەتەوەیەکگرتووەکان، تێگەیشتنی باشیان بۆ نیگەرانییەکانی پارتی لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانەوە هەیە و هەندێک ڕێگەچارەشی بۆ دەدۆزرێتەوە.

ڕۆژی پێنجشەممە (25ـی نیسانی 2024) سەربەست لەزگین، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان و بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارتی لە دهۆک، لەبارەی سەردانی شاندی هەرێم بۆ بەغدا بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، وەک پارتی کۆمەڵێک تێبینییان هەیە لەسەر چۆنیەتی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.

ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی پارتی ئاماژەی بەوەش کرد: کورسیی کۆتای پێکهاتەکان پرسێکی جددییە و نەبوونی نوێنەرانی پێکهاتەکان کەموکووڕیی لە پەرلەمان دروست دەکات.

هەروەها سەربەست لەزگەین ڕاشیگەیاند، پێدەچێت نیگەرانییەکانی پارتی لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و نەتەوەیەکگرتووەکانەوە قبوڵ بکرێن و ڕەنگە هەندێک ڕێگەچارە بۆ ئەو بابەتە بدۆزرێتەوە.

ڕۆژی (24ـی نیسانی 2024) دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە لێداونێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، "بەم نزیکانە" نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ بەشداریی لە کۆبوونەوەیەکی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت، سەردانی بەغدا دەکات و لەو کۆبوونەوەیەدا، چەند پرسێک تاوتوێ دەکرێن، لەنێویشیاندا بەشداریی پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستان لە هەڵبژاردنی پەرلەماندا.

هاوکات ڕۆژی (23ـی نیسانی 2024) ئایدن مەعروف، وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پێکهاتەکان بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: هەفتەی داهاتوو شاندێکی هەرێمی کوردستان بۆ تاوتوێکردنی پرسی پێکهاتەکان سەردانی بەغدا دەکات و ئاماژەی بەوەش کرد: ئەردۆغان لە کۆبوونەوەکانیدا لەگەڵ دەسەڵاتدارانی عێراق و هەرێمی کوردستان، جەختی لە پاراستنی مافی پێکهاتەکان لە هەرێمی کوردستان کردووەتەوە و نیگەرانی خۆیشی لە بڕیاری دادگای فیدراڵی بۆ هەڵوەشاندنەوەی کورسیی کۆتاکان دەربڕیوە.


ڕۆژی چوارشەممە (3ـی نیسانی 2024) لە سەڵاحەددین، سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازیی لە جینین پلاسخارت، نوێنەری تایبەتیی سكرتێری گشتیی نەتەوەیەكگرتووەكان لە عێراق كرد وپلاسخارت پێشنیازیشی كرد بۆ بابەتی هەڵبژاردنەكانی هەرێم، تیمێكی نەتەوەیەكگرتووەكان هاوكار بن بۆ چارەكردنی ئەو كێشە تەكنیكییانەی كە پارتی تێبینیی لەسەریان هەیە و  ئاماژەشی بەوە دا كە ئاگاداری ئەوەیە كە دوو ساڵە پارتی ئامادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن بووە لە كاتی خۆیدا و ئێستاش لە نیگەرانییەكانی پارتی لەمەڕ هەڵبژاردن تێ دەگەن و جەختیشی لە پێویستیی بەشداریی پارتی لە هەڵبژاردن كردەوە و ڕاشیگەیاند كە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن بەبێ پارتی پڕۆسەیەكی زەحمەت دەبێت.

ڕۆژی (18ـی ئاداری 2024) مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان بەیاننامەیەکی لەبارەی دۆخی ئێستای عێراق، پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا، هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاندووە:"بە بەرژەوەندیی گەل و نیشتمانەکەمانی دەزانین كە پارتیمان نەچێتە ژێرباری پەسەندکردنی بریاری نادەستووری و سیستەمێکی سەپێنراو لە دەرەوەی ئیرادەی گەلی هەرێمی كوردستان و دامەزراوە دەستوورییەکانی و بەشداریی هەڵبژاردنێک نەكات کە بە نایاسایی و نادەستووری و لەسایەی سیستەمیکی سەپێنراودا بەڕێوە بچێت".

ئەو هەڵوێستەی پارتی دوای بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی عێراق هات لە رۆژی (21ـی شوباتی 2024) کە دوای 11 جار دواخستنی دانیشتنەکانی لەبارەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانەوە بڕیاریدا، بۆ خولی شەشەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان؛ هەرێمی کوردستان بەسەر چوار بازنەی هەڵبژاردندا دابەش بکرێت و ژمارەی کورسی کۆتاکان کە 11 کورسین هەڵوەشاندەوە، بەو پێیەش کۆی ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستان لە 111 کورسییەوە بۆ 100 کورسی کەم دەکرێنەوە.

لە کاردانەوەی ئەو بڕیارانەش، سەرجەم پارت و لایەنە سیاسییەکانی هەردوو پێکهاتەی کریستیان و تورکمان (جگە لە بەرەی تورکمانی)، بڕیاریان دا بایکۆتی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بکەن.