بلینكن و شی جینپینگ له‌باره‌ی ئاساییكردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی واشنتن و په‌كین كۆبوونه‌وه‌

K24 – هەولێر:

میدیای فەرمی چین بڵاویکردەوە، شی جینپینگ سەرۆکی چین لە پەکین لەگەڵ ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا کۆبووەوە، سەرۆکی چین بە بلینکنی راگەیاندووە، چەندین کێشە هەن لەنێوان ئەمەریکا و چین دەبێت چارەسەربکرێن، کاتێکیش کێشەکان چارەسەرکران پەیوەندیی نێوان هەردوو وڵات جێگیردەبێت.

شی جینپینگ داواش لە ئەمەریکا دەکات بیرکردنەوەیەکی ئەرێنیان سەبارەت بە گەشەسەندنەکانی چین هەبێت، پێویستە هەردوو وڵات وەک هاوبەش بن نەوەک دوژمن.

له‌میانی سه‌ردانه‌كه‌ی بۆ چین ئەنتۆنی بلینکن  رایگەیاند، داوای لە بەرپرسانی چین کردووە هەژموونی خۆیان لەسەر ئێران و گروپە چەکدارەکان بەکاربهێنن تا دۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست گرژی زیاتر بەخۆیەوە نەبینێت.

راشیگەیاند، رووسیا بەبێ هاوکاری چین قورسە بتوانێت درێژەی بە ئۆپراسیۆنەکانی لە ئۆکرانیا بدات.

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا هه‌روه‌ها گوتی: "لەبواری کەرەستەی بزوێنەر و تەکنەلۆجیای بچووک کە بەکاردەهێرنێن لە دروستکردنی مووشەک، چین گەورەترین پاڵپشت و دابینکەرە بۆ رووسیا".

گوتیشی: "هانی چینمان دا داوا لە کۆریای باکوور بکات رەفتاری خۆی باشبکات و بگەڕێتەوە بۆ گفتوگۆ".

سەردانەکەی بلینکن بۆ چین و کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆک و بەرپرسانی باڵای وڵاتەکە لەکاتێکدایە، ئەمریکا پڕۆژە یاسای قەدەغەکردنی تیکتۆکی لە وڵاتەکەی پەسەند کردووە و بە بەهای 8 ملیار دۆلاریش هاوکاریی سەربازیی تایوان دەکات.