هێرشکرایە سەر کێلگەی غازی کۆرمۆر

کێڵگەی غازی کۆرمۆر
کێڵگەی غازی کۆرمۆر

K24 - سلێمانی:

بەڕێوەبەری ناحیەی قادرکەرەم بە کوردستان24ـی راگەیاند، کێڵگەی غازی کۆرمۆر بە مووشەک بۆردوومان کرا.

ئەمڕۆ هەینی (26ـی نیسانی 2024) سدیق محەممەد، بەڕێوەبەری ناحیەی قادرکەرەم بە کوردستان24ـی راگەیاند، کەمێک پێش ئێستا کێڵگەی غازی کۆرمۆر بۆردوومان کرا و تا ئێستا قەبارەی زیانەکان نەزانراون.

ئەمەش لە کاتێکدایە لە ماوەکانی رابردوودا چەندین جار هێرشکراوەتە سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر لە سنووری ناحیەی قادرکەرەم لە قەزای چەمچەماڵ، کە بەهۆی هێرشەکانەوە، هەناردەكردنی غاز بۆ سەرجەم وێستگەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا راگیرابوو.

ئەم کێڵگەیە رۆژانە چوار هەزار و 200 مێگاوات کارەبا بەرهەم دەهێنێت کە لەو بڕە 2800 مێگاواتی بۆ هەرێمی کوردستان و ئەوەش دەمێنێتەوە رەوانەی هەردوو پارێزگای کەرکووک و مووسڵ دەکرێت. یەدەگی غازی سرووشتییەکەی بە زیاتر لە هەشت ترلیۆن و 200 ملیار پێ سێجا دەخەمڵێندرێت.

غازی کۆرمۆر، لەرێگەی بۆرییەوە رەوانەی وێستتگەکانی کارەبای چەمچەماڵ و هەولێر دەکرێت، بەمەش لە 67%ـی کارەبای هەرێمی کوردستان دابیندەکات.

کێڵگەی غازیی کۆرمۆر، کە لە ساڵی 2007ـەوە دامەزراوە، دەکەوێتە سنووری ناحیەی قادر کەرەمی سەر بە قەزای چەمچەماڵە لە پارێزگای سلێمانی، کۆمپانیای دانەغاز وەبەرهێنانی تێدا دەکات.