شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنی عێراق: لیژنەیەک بۆ لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکەی کۆرمۆر پێکدەهێنرێت

شانەی راگەیاندنی ئەمنی
شانەی راگەیاندنی ئەمنی

K24 – هەولێر:

شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنی عێراق، رایگەیاند، لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە بۆ زانینی هۆکاری ئەو هێرشە تێکدەرانەی کە لە ڕێگەی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانەوە کرایە سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر پێکهێنرا.

ئەمڕۆ هەینی (26ـی نیسانی 2024) شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنی عێراق، لە راگەیاندراوێکێدا ئاماژەی بەوەدا، بە پشتبەستن بە ڕێنماییەکانی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان و فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان لیژنەیەک بۆ لێکۆڵینەوە لەسەر هۆکاری ئەو هێرشە تێکدەرانەی کە لە ڕێگەی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانەوە کێڵگەی غازی کۆرمۆی کردە ئامانج پێکهێنرا.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، دەستدرێژیکاران لەسەر ئەم هێرشانەی کە هەوڵی زیانگەیاندن بە ئابووری نیشتمانی دەدەن بە سزای خۆیان دەگەن.

رۆژی هەینی (26ـی نیسانی 2024) بە درۆن هێرشکرایە سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر کە بووە هۆی کوژرانی چوار کارمەندی بیانی و برینداربوونی دووانی دیکەش.

بەهۆی هێرشەکەوە ناردنی غاز بۆ وێستگەكانی بەرهەمهێنانی کارەبا راوەستاوە و نزیکەی 2500 مێگاوات کارەبا کەم بووەتەوە.

غازی کۆرمۆر، لەرێگەی بۆرییەوە رەوانەی وێستگەکانی کارەبای چەمچەماڵ و هەولێر دەکرێت، بەمەش لە 67%ـی کارەبای هەرێمی کوردستان دابیندەکات.

کێڵگەی غازیی کۆرمۆر، کە لە ساڵی 2007ـەوە دامەزراوە، دەکەوێتە سنووری ناحیەی قادر کەرەمی سەر بە قەزای چەمچەماڵە لە پارێزگای سلێمانی، کۆمپانیای دانەغاز وەبەرهێنانی تێدا دەکات.