ڤاڵڤێردی ئەم وەرزە وەك ئەفسانەیەکی ریاڵ مەدرید ناوی دەنووسرێتەوە

فێدریکۆ ڤاڵڤێردی، یاریزانی ریاڵ مەدرید
فێدریکۆ ڤاڵڤێردی، یاریزانی ریاڵ مەدرید

فێدریکۆ ڤاڵڤێردی یاریزانی ریاڵ مەدرید و هەڵبژاردەی ئۆرۆگوای، نزیکە لە ئەنجامدانی تەواوی یارییەکانی ئەم وەرزە و ناوی خۆی لە مێژووی یانەکە بنووسێتەوە.

یاریزانە ئۆرۆگواییەکە ئەم وەرزە 47 یاریی لەگەڵ ریاڵ مەدرید لەسەرجەم پاڵەوانێتییەکان ئەنجامداوە، بە بێ ئەوەی لە هیچ یارییەك لەگەڵ یانە شاهانەکە داببڕێت.

ڤاڵڤێردی لە کۆتا 7 یاریی هەڵبژاردەی ئۆرۆگوای وەك یاریزانی سەرەکی بەشداریکردووە، بەبێ ئەوەی لە هیچ یارییەك گۆڕانکاریی پێبکرێت.

بەپێی هەواڵی رۆژنامەی ئاسی ئیسپانی، ئەم وەرزە ئەگەر هیچ شتێکی چاوەڕواننەکراو روونەدات، ڤاڵڤێردی هەر 38 یارییەکەی ریاڵ مەدرید لە لالیگا ئەنجامدەدات.

رۆژنامەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، لە یاریی بەرامبەر ریاڵ سۆسیداد دەتواندرا بەشداری بە یاریزانە ئۆرۆگواییەکە نەکرێت، چونکە ریاڵ مەدرید یاریزانی دیکەی زۆربوو بۆ ئەو یارییە بەڵام کارلۆ ئەنچێلۆتی لەو یارییەش پشووی پێنەدا.

لە وەرزی 2020/2021 تیبۆ کۆرتوای گۆڵپارێزی ریاڵ مەدرید لە تەواوی یارییەکانی یانەکە لە لالیگا بەبێ دابڕان بەشداریی کرد.

کۆتا یاریزان، کە وەرزێکی تەواو بەشداریی یارییەکانی ریاڵ مەدریدی کردبێت و دانەبڕابێت کریستیانۆ رۆناڵدۆی پۆرتوگالی بوو لە وەرزی 2011-2012.

فێدریکۆ ڤاڵڤێردی لە ساڵی 2018 بەرامبەر 6 ملیۆن یۆرۆ پەیوەندیی بە تیمی یەکەمی ریاڵ مەدریدەوە کرد و بەهای ئێستای لە ترانسفێر مارکێت 100 ملیۆن یۆرۆیە.