نەوال مووسەوی: مەبەست لە بەئامانجگرتنی کۆرمۆر تێکدانی رێککەوتنی نێوان حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستانە

نەوال مووسەوی، شرۆڤەکاری سیاسی
نەوال مووسەوی، شرۆڤەکاری سیاسی

K24 – هەولێر:

شرۆڤەکارێکی سیاسی گوتی: هێرشی سەر کێڵگەی کۆرمۆر هەوڵێکە بۆ تێکدانی ئاسایش و سەقامگیری هەرێمی کوردستان، هاوکات فشارێکی نێودەوڵەتیش هەیە بۆ ئەوەی هیچ رێککەوتنێکی نوێ لەنێوان حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان لە کەرتی نەوت و غازدا نەکرێت.

نەوال مووسەوی، شرۆڤەکاری سیاسی، بە کوردستان24ـی راگەیاند، هێرشەکەی دوێنێی سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر جیاوازە لە هێرشەکانی ساڵانی رابردوو، چونکە ئێستا پێشهاتی نوێ لە گۆڕەپانی سیاسی هەن، رێککەوتنی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق بەشێکە لەم بە ئامانجگرتنە، ئەو کەسانەی هێرشەکەیان ئەنجامداوە دەیانەوێت ریککەوتنەکە تێکبچێت.

ئەو شرۆڤەکارە سیاسیە ئاماژەی بەوەدا، هێرشی سەر کێڵگەی کۆرمۆر هەوڵێکە بۆ تێکدانی ئاسایش و سەقامگیری هەرێمی کوردستان، هەروەها مەبەستی هێرشکاران ئەوەیە رێگری لە وەبەرهێنان لە غازی کۆرمۆر بکرێت و، ئەمەش تۆمەتێکی راستەوخۆیە بۆ رووسیا و ئێران.

هاوکات دەڵێت: هێرشەکە لە هەمان کاتیشدا لێدانە لە سەروەریی خاکی عێراق، هەروەها جگە لە فشارێکی هەرێمیی، فشارێکی نێودەوڵەتیش هەیە بۆ ئەوەی هیچ رێککەوتنێکی نوێ لەنێوان حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان لە کەرتی نەوت و غازدا نەکرێت.

نەوال مووسەوی، باسی لەوەشکرد، ئێران دەیەوێت دەست بەسەر بازاڕی عێراقدا بگرێت، چونکە بەشی هەرە زۆری غازی عێراق لە ئێرانەوە هاوردە دەکرێت، بۆیە ئێران نایەوێت عێراق پشت بە سەرچاوەکانی خۆی ببەستێت.

ناوبراو گوتی: پێویستە حکومەتی فیدراڵی رێکاری توند لەبەرامبەر رووداوەکە بگرێتەبەر جیاواز لە رێکارەکانی پێشوو، ئەو لیژنەیەشی پێکهاتەوە بۆ لێکۆڵینەوە پێویستە کارەکانی خۆی بە جوانی جێبەجێ بکات.

هاوکات جەختی لەوە کردەوە، پێوسیە حکومەتی عێراق رێگری بکات لە چالاکی گرووپە چەکدارە لە یاسا دەرچووەکان و هێرشەکانیان کەم بکاتەوە.

ڕۆژی هەینی (26ـی نیسانی 2024) بە درۆن هێرش کرایە سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر کە بووە هۆی کوژرانی چوار کارمەندی یەمەنی و برینداربوونی دووانی دیکەش، بەهۆی هێرشەکەوە ناردنی غاز بۆ وێستگەكانی بەرهەمهێنانی کارەبا وەستاو نزیکەی 2500 مێگاوات کارەبا کەم بووە.

غازی کۆرمۆر، لەرێگەی بۆرییەوە رەوانەی وێستگەکانی کارەبای چەمچەماڵ و هەولێر دەکرێت، بەمەش لە 67%ـی کارەبای هەرێمی کوردستان دابیندەکات.

کێڵگەی غازیی کۆرمۆر، کە لە ساڵی 2007ـەوە دامەزراوە، دەکەوێتە سنووری ناحیەی قادر کەرەمی سەر بە قەزای چەمچەماڵە لە پارێزگای سلێمانی، کۆمپانیای دانەغاز وەبەرهێنانی تێدا دەکات.