جەنگ ساگنیک: حکوومەتی عێراق توانای کۆنترۆڵکردنی گرووپە چەکدارەکانی نییە

جەنگ ساگنیک، لێکۆڵەر
جەنگ ساگنیک، لێکۆڵەر

K24 – هەولێر:

لێکۆڵەرێک، ئاماژە بەوە دەکات، ئەمەریکا سیاسەتی خۆی بەرامبەر ئێران ناگۆڕێت، هاوکات دەڵێت: حکوومەتی عێراق توانای کۆنترۆڵکردنی گرووپە چەکدارەکانی نییە

جەنگ ساگنیک، لێکۆڵەر، لەمیانەی بەشداریی لە ژووری هەواڵی کوردستان24 رایگەیاند، هێرشەیەکی سەر کۆرمۆر کاری گرووپە چەکدارە لە یاسا دەرچووەکانی عێراقە، چونکە سیاسەتی ئێران لە عێراق بریتی بوو لە فشاری سیاسی و سەربازی بۆ سەر هەرێمی کوردستان.

ئەو لێکۆڵەرە راشیگەیاند، هێرشەکەی کۆرمۆر پەیامێک نییە بۆ سەرۆکوەزیرانی عێراق یان حکومەتی ئەمەریکا، چونکە ئەو بابەتانە کە لە ئەمەریکا لەگەل سوودانی باس کرا هیچ فشارێک لەسەر حکوومەتەکەی دروست ناکات، هاوکات حکوومەتی عێراق هێزی کۆنترۆڵکردنی گرووپە چەکدارەکانی نییە.

ناوبراو ئاماژەی بەوەدا، بەردەوامیی فشارە سیاسیی و سەربازییەکان چ لەلایەن دادگای فیدراڵی، چ لەلایەن میلیشیاکان درێژکراوەی سیاسەتەکانی ئێرانن دژی هەرێمی کوردستان.

لەبارەی هەڵوێستەکانی ئەمەریکاوە، جەنگ ساگنیک، دەڵێت: ئەمەریکا سیاسەتی خۆی بەرامبەر ئێران ناگۆڕێت و هیچ هەڵوێستێکی لەبارەی ئەو هێرشانەوە نابێت.

ڕۆژی هەینی (26ـی نیسانی 2024) بە درۆن هێرش کرایە سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر کە بووە هۆی کوژرانی چوار کارمەندی یەمەنی و برینداربوونی دووانی دیکەش، بەهۆی هێرشەکەوە ناردنی غاز بۆ وێستگەكانی بەرهەمهێنانی کارەبا وەستاو نزیکەی 2500 مێگاوات کارەبا کەم بووە.

غازی کۆرمۆر، لەرێگەی بۆرییەوە رەوانەی وێستگەکانی کارەبای چەمچەماڵ و هەولێر دەکرێت، بەمەش لە 67%ـی کارەبای هەرێمی کوردستان دابیندەکات.

کێڵگەی غازیی کۆرمۆر، کە لە ساڵی 2007ـەوە دامەزراوە، دەکەوێتە سنووری ناحیەی قادر کەرەمی سەر بە قەزای چەمچەماڵە لە پارێزگای سلێمانی، کۆمپانیای دانەغاز وەبەرهێنانی تێدا دەکات.