لە 2024 سێیەمین كەس دەستی لە كارگێری یانەی هەولێر كێشایەوە

محەمەد خۆشناو جێگری دووەمی سەرۆكی یانەی هەولێر لە رێگەی كوردستان24 وازهێنانی لە یانەی هەولێر راگەیاند
محەمەد خۆشناو جێگری دووەمی سەرۆكی یانەی هەولێر لە رێگەی كوردستان24 وازهێنانی لە یانەی هەولێر راگەیاند

یانەی هەولێر بەدۆخێكی خراپ تێپەڕ دەبێت، لەڕووی هونەری و ئاست و ئەنجامەكان تا دێت بەرەو خراپتر دەچێت، لە لەڕووی كارگێریشەوە یەك لە دوای یەك دەستلەكاردەكێشنەوە، دوایین كەس كە وازی لە یانەكە هێنا محەمەد خۆشناو بوو كە لە رێگەی كوردستان24ـەوە دەستلەكاركێشانەوەی لە ئەندامیەتی یانەكە راگەیاند.
یانەی هەولێر دوای تێپەڕبوونی دوو ساڵ و پێنج مانگ و شازدە رۆژ بەسەر تەمەنی دەستەی كارگێری نوێی یانەكە، سێ ئەندامی دەستەی كارگێری یانەی هەولێر پێش ئەوەی ساڵی سێیەمیان تەواو بكەن دەستیانلەكاركێشایەوە.
محەمەد خۆشناو جێگری دووەمی یانەی هەولێر دوایین كەس بوو كە لە رێگەی كوردستان24ـەوە وازهێنانی لە یانەكە راگەیاند و لە لێدوانێكی تایبەتیش بۆ كوردستان24 گوتی: لەپێناو بەرژەوەندی گشتی یانەكە، بۆ ئەوەی چیتر یانەی هەولێر نەبێتە قوربانی دەستی چەند كەسێك، وازهێنانم لە یانەی هەولێر راگەیاندووە.
محەمەد خۆشناو پێش ئەوەی بڕیاری وازهێنانەكەی بدات هەفتەیەك بوو بایكۆتی یانەكەی كرد بوو، وەكو خۆی دەڵێت دوای ئەوەی هیچ ئاسۆیەكی بۆ راستكردنەوەی تیپەكە هەست پێنەكرد دەستلەكاركێشانەوەی لە پۆستەكەی راگەیاند.
سەڵاحەدین سیامەند جێگری یەكەمی یانەی هەولێر یەكەمین كەس بوو كە دەستی لە پۆستەكەی هەڵگرت و رایگەیاند بەرژەوەندی كەسی و تایبەت خراوەتە پێش بەرژەوەندی گشتی، بۆیە دەستی لەكاركێشاوەتەوە.
تەها قادر سكرتێری یانەی هەولێر، ئەویش دووەمین كەسی نێو كارگێری یانەكە بوو لە دوای رۆیشتنی سەڵاحەدین سیامەند یانەكەی جێهێشت و نەگەڕایەوە.

بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی دەست كوردستان24 كەوتووە، پێشبینی دەكرێت لە چەند كاتژمێری داهاتوو دەستلەكاركێشانەوەی زیاتر لە نێو دەستەی كارگێری یانەی هەولێر رووبدات.
یانەی هەولێر ئێستا لە خولی ئەستێرەكانی عێراق لە پلەی پازدەیەمی ریزبەندی دێت، یاریزانانی یانەكە دوای دۆڕانە قورسەكەیان بەرامبەر شورتە لە ماوەی پێنج رۆژی رابردوو تەنیا دووجار مەشقیان كردووە، ئەمەش لە كاتێكدایە رۆژی چوارشەممە لە دەرەوەی یاریگەی خۆیان رووبەڕووی زەورا دەبنەوە.

.
.
.