دوای چوار ساڵ فڕۆکەوانیی بەحرێن گەشتەکانی بۆ عێراق دەست پێ دەکاتەوە

K24 - هەولێر

ئاژانسی هەواڵی فەرمی بەحرێن بڵاوی کردووەتەوە، کۆمپانیای فڕۆکەوانی کەنداو کە کۆمپانیای گشتیی فڕۆکەوانیی نیشتمانیی شانشینی بەحرێنە، دوای چوار ساڵ لە ڕاگرتنی، پاش بڵاوبوونەوەی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا، گەشتەکانی بۆ فڕۆکەخانەکانی عێراق دەست پێ دەکاتەوە.

هەر لە بارەی دەست پێ کردنەوەی گەشتەکان، (ڕۆژنامەی ئەیام)ی بەحرێنی بڵاوی کردووەتەوە، لەمەو بەدواوە هەفتانە 11 گەشتی بۆ عێراق دەبێت لە نێویاندا حەوت کەسی بۆ فڕۆکەخانەی نەجەف و چواریشی بۆ فڕۆکەخانەی بەغدا دەبێت.

سەبارەت بە بوونی گەشتی کۆمپانیای فڕۆکەوانی نیشتمانی بەحرێن بۆ هەولێر، ئەحمەد وشیار، بەڕێوەبەری گشتیی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر بە کوردستان24ی ڕاگەیاند، تا وەکوو ئێستا هیچ نووسراوێکی فەرمییان لە بارەی دەست پێ کردنی گەشتەکانی بەحرێن بۆ فڕۆکەخانەی هەولێر پێ نەگەیشتووە. گوتیشی: شانشینی بەحرێن بەر لە شەڕی داعش گەشتەکانی بۆ فڕۆکەخانەی هەولێر ڕاگرت و تا وەکوو ئێستا هیچ گەشتێکی فڕۆکەوانیان بۆ هەولێر نەبووە.

زۆری گەشتەکانی کۆمپانیای نیشتمانی فڕۆکەوانی بەحرێن بۆ نەجەف بەهۆی سەردانی زیارەتکارانی شیعە مەزهەبی ئەو وڵاتەیە بۆ شوێنە شوێنە پیرۆزە ئاینییەکانی نەجەف، کەربەلا، سەمەڕا و بەغدا.

یەکەم گەشتی ئاسمانیی کۆمپانیای فڕۆکەوانیی کەنداو، کە کۆمپانیای گشتی فڕۆکەوانی نیشتمانی بەحرێنە دەگەڕێنەوە بۆ ساڵی 1974 تا بەر لە بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا بەردەوام بوو، بەڵام 2020 بەهۆی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا کە بە کۆڤید-19 ناسراوە گەشتەکانی بۆ لە فڕۆکەخانەکانی عێراق ڕاگرت.