بەرپرسێکی باڵای قەتەر، نهێنییەکانی سەرنەکەوتنی دانووستانەکانی ئیسرائیل و حەماس ئاشکرا دەکات

K24- هەولێر

ماجید ئەنساری، ڕاوێژکاری سەرۆکوەزیرانی قەتەر بە ڕۆژنامەی "هارتز"ی عیبریی ڕاگەیاندووە، ئیسرائیل و حەماس پابەندبوونی تەواو نیشان نادەن بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنی ئاگربەست و ئازادکردنی بارمتەکان.

لە یەکەم چاوپێکەوتندا لەگەڵ مێدیاکانی ئیسرائیل، ماجید ئەنساری، باسی لە بێزاریی قەتەر کرد لە هەڵسوکەوتەکانی حەماس و ئیسرائیل، گوتیشی: ئێستە گفتوگۆکان وەستاوە و هەردوو لایەن پابەندن بە هەڵوێستەکانیانەوە، هەر بۆیەش "زۆر ئەستەمە بگەیتە هیچ ئەنجام یان پێشبینییەک."

ئاماژەی بەوەش کرد، لە یەکەم ڕێککەوتندا کە حەفت ڕۆژی خایاند، هیوامان خواست نەرمی و جددی و پابەندبوونی زیاتر لە هەردوولا ببینین، پێموایە ئێمە مامەڵەی ئەرێنیمان لەگەڵ تیمەکانی دانوستانکار لە دەوحە کرد.

ئەو بەرپرسە قەتەرییە ڕوونیشی کردەوە، "ئەگەر ببینین ئەو دانوستانانەی دەیانکەین بۆتە هەوڵێکی بێهیوا، ئەوا پێویستە هەڵوێستی خۆمان هەڵبسەنگێنینەوە و بزانین چۆن دەتوانین لە خودی پرۆسەکەدا سوودمەند بین. چونکە ڕاشکاوانە بڵێین نامانەوێت سوودمان لێ وەربگیرێت." وەک بەشێک لە درێژبوونەوەی ئەم ململانێیە.

کاتێک لەبارەی هۆی ڕەخنە توندەکانی لە ناتانیاهۆ پرسیاری لێکرا، کە گوتبووی، قسەکانی ناتانیاهۆ بۆ هاندانی قەتەر بۆ فشارخستنە سەر حەماس، هەوڵێکە بۆ درێژکردنەوەی شەڕەکە"، ڕوونی کردەوە،  ئەم جۆرە لێدوانانە ڕێگریی لە هەوڵەکانی نێوەندگیری دەکەن.

بەگوێرەی ڕۆژنامەکە، ئەنساری بانگەشەکانی ناتانیاهۆ و بەرپرسانی باڵای ئیسرائیل ڕەت دەکاتەوە، کە قەتەر دەبێت گوشارەکانی بۆ سەر حەماس زیاد بکات لەسەر دانوستانەکاندا.

ڕاوێژکاری سەرۆکوەزیرانی قەتەر نیگەرانی خۆی دەربڕی لەسەر هێرشکردنە سەر ڕەفەح و جەختی کردەوە، "هەموو تەشەنەکردنێک ژیانی بارمتەکان دەخاتە مەترسییەوە و دەبێتە هۆی مردنی زۆرتری هاووڵاتیانی مەدەنی لە غەززە".

سەبارەت بە جیددیەتی حەماس لە گەیشتن بە ڕێککەوتن، ئەنساری ڕاگەیاند: هیواداربووین پابەندبوون و جیددی زیاتر لە هەردوولا ببینین، هەروەها هیواداربووین، بە هاوکاریی هاوبەشە نێودەوڵەتییەکانمان، بتوانین فشار بخەینە سەر هەردوولا بۆ ئەوەی ڕێکبکەون، بەڵام ئێمە دەبینین هەردوولا پابەندنەبوونێکی زۆریان نییە.