نۆ قوتابی خاوەن پێداویستیی تایبەت پەیمانگەیان تەواو کرد

K24 – هەولێر

بەڕێوەبەری چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتیی ڕایگەیاند، ئەمساڵ نۆ قوتابی  خاوەن پێداویستیی تایبەت پەیمانگەی تەکنیکیی کارگێڕیی هەولێریان تەواو کرد.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 28ـی نیسانی 2024، یوسف چاوشین، بەڕێوەبەری چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، نۆ قوتابی خاوەن پێداویستیی تایبەت ئەمساڵ لە پەیمانگەی تەکنیکی کارگێڕیی هەولێر بەشی سیستمی زانیاریان تەواو کرد.

ئەو بەڕێوەبەرە گوتی: "بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەیمانگەکەمان لە ڕابردوودا هەوڵی زۆری دا قوتابیانی خاوەن پێداویستیی تایبەت لە پەیمانگه وەربگیرێن و خوێندن تەواو بکەن، بۆ ئەمساڵ دڵخۆشین نۆ قوتابیمان بڕوانامەی دبلۆمیان وەرگرت."

یوسف چاوشین گوتیشی: "پێشتر قوتابیانی نابیستی ئێمە تەنیا بۆیان هەبوو تا پۆلی نۆی بنەڕەتی بخوێنن و دواتر لە ماڵ دانیشن. بەڵام ئێستە دەتوانن لە پەیمانگەکانیش بخوێندن ".