مالیکی: ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت

لێدوانی ڕۆژنامەوانی نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا لە بەغدا (وێنە: کوردستان24)
لێدوانی ڕۆژنامەوانی نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا لە بەغدا (وێنە: کوردستان24)

K24 - هەولێر

سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا دڵنیایی دەداتە فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و دەڵێت، ناردنی مووچەکەیان لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە بەردەوام دەبێت. دەشڵیت، لەوانەیە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان مانگی ئۆکتۆبەری ئەمساڵ بکرێت. 

ئەمڕۆ یەکشەممە، 28-04-2024، نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا، لەبارەی مووچەی مانگانەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، کێشەکانی هەولێر و بەغدا، بەشداریی پارتی لە هەڵبژاردنی پەرلەمان و چەند پرسێکی دیکە وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەنووسانی دایەوە.

لەبارەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، مالیکی گوتی، "لەوانەیە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان وادەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بۆ مانگی ئۆکتۆبەر (10) دوا بخات. ئەمە پرسێکی تەکنیکییە و پەیوەستە بە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانەوە و کۆمیسیۆنیش کارەکانی خۆی دەکات".

بە گوتەی سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، "وەزارەتی دارایی عێراق بەردەوام دەبێت لە ناردنی مووچەی مانگانەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان. لە ماوەی ڕابردوودا بەردەوام مووچە بۆ هەرێمی کوردستان نێردراوە، هەوڵ دەدەین چارەیەکی ڕیشەیی بۆ ئەم پرسە بدۆزینەوە".

ئێوارەی ڕۆژی هەیینی، 26-04-2024، بە درۆن هێرش کرایە سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر لە سنووری قەزای چەمچەماڵ. لە ئاکامی هێرشەکەدا، چوار کرێکاری یەمەنی کوژران و دووانی دیکەش بریندار بوون. مالیکی دووپاتی کردەوە، "ئێمە قبووڵی ناکەین و ڕێگەش نادەین بە هیچ شێوەیەک هێرش بکرێتە سەر هیچ ناوچەیەکی هەرێمی کوردستان".

وەکو ئەوەی سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا باسی کرد، "ئێمە بەردەوام پەیوەندیمان لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەیە بە مەبەستی چارەکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان، لە نێویشیاندا پڕۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، بڕیارەکانی ئەم دواییەی دادگای فیدراڵی، مووچەی فەرمانبەران و پرسەکانی دیکە".

سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئەوەی خستەڕوو، "گەشبینم بەوەی ئەو کێشانەی لە ماوەی ڕابردوودا نەماتوانیون چارەیان بکەین، بە سەردانەکانی ئەم دواییەی شاندی هەرێمی کوردستان چارە بکرێن".