ڤیان سەبری: پێویستە لەبارەی داهاتە نانەوتییەکان لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی ڕێک بکەوین

ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق
ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق

K24 - هەولێر

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق بە پێویستی دەزانێت، هەردوو حکوومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق لەبارەی ڕادەستکردنی داهاتە نانەوتییەکان ڕێک بکەون. دەشڵێت، پێشبینی دەکرێت کێشە تەکنییەکانی تایبەت بە ناردنی مووچەی مانگی چوار لەم دوو سێ ڕۆژە چارە بکرێن.

ئەمڕۆ یەکشەممە، 28-04-2024، ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق لەکاتی بەشداریی لە گەشتی هەواڵە ئابوورییەکانی کوردستان24؛ باسی لە مووچەی مانگی نیسان (چوار)ـی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، ڕادەستکردنی داهاتە نانەوتییەکان بە حکوومەتی فیدراڵی و چەند پرسێکی دیکەی کرد.

ڤیان سەبری لەبارەی ڕەوانەکردنی مووچەی مانگی چوار، گوتی، "پێشبینی دەکرێت لە ماوەی دوو سێ ڕۆژی داهاتوودا کێشە تەکنیکییەکانی تایبەت بە مووچەی مانگی نیسان (چوار)ـی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان چارە بکرێت و مووچەکە بنێردرێت". گوتیشی، "لە دوو مانگی ڕابردووشدا ئەو کێشە تەکنیکییانە هەبوونە و چارە کراون".

بە گوتەی سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی، "دانوستانی نێوان هەردوو حکوومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق زۆر گرنگە. پێویستە لەبارەی ڕادەستکردنی داهاتە نانەوتییەکان لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی ڕێک بکەوین. ڕێککەوتن لە بەرژەوەندیی هەموو لایەکدایە و هێندەی زووتر بکرێت باشترە".  

لە وەڵامی پرسیاری "ڕاستە حکوومەتی عێراق پارەی پێویستی لەبەردەست نییە بۆ دابەشکردنی مووچە" ڤیان سەبری ئەوەی خستەڕوو، "ئێمە وەکو ئەنجوومەنی نوێنەران چاوەڕێی هاتنی خشتەکانی تایبەت بە بودجەی ساڵی 2024ـین بۆ ئەوەی پەسەندیان بکەین، ئەو کاتی دەزانین خەرجی و داهاتی حکوومەتی عێراق چەندە".

بەیانیی ئەمڕۆ یەکشەممە، 28-04-2024، شاندێکی تەکنیکی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە سەرۆکایەتیی محەممەد عەبدولقادر بەڕێوەبەری گشتیی ژمێرکاری وەزارەتەکە گەیشتە بەغدا.

شاندە تەکنیکییەکەی وەزارەتی دارایی و ئابووریی بە مەبەستی تاوتوێ کردنی پرسی مووچەی مانگی نیسان (چوار)ـی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، ڕادەستکردنی داهاتە نانەوتییەکان بە حکوومەتی عێراق، پڕۆژەی "هەژماری من" و چەند پرسێکی دیکە؛ لەگەڵ شاندێکی وەزارەتی دارایی فیدراڵی کۆبووەوە.

ڕۆژی چوارشەممە، 24ـی نیسانی 2024، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا جەختی کردەوە، "نابێت هیچ بیانوو و پاساوێک بۆ وەزارەتی دارایی فیدراڵ بهێڵرێتەوە تا بکرێتە بيانوو بۆ خەرجنەکردنی مووچە و شایستە داراییەکانی هەرێم؛ هەر بە ئەم ئاراستەیەش ئەنجوومەنی وەزیران، وەزارەتی دارایی و ئابووریی و شاندی دانوستانکاری ڕاسپارد، ئەوەی لە یاسا بەرکارە فیدراڵیيەکان دەستنیشان کراوە وەک بەشی گەنجینەی فیدراڵیی لە داهاتی نانەوتی بەدەست هاتوو لە هەرێم، بخرێتە سەر ئەژماری وەزارەتی دارایی فیدراڵ".