سەرۆکی یەکێتیی مامۆستایان جه‌خت له‌ پابه‌ندبوون به‌ پڕۆژه‌ی "هه‌ژماری من" ده‌كاته‌وه‌

ئەحمەد گەرمیانی، سەرۆکی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان
ئەحمەد گەرمیانی، سەرۆکی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان

K24 – هەولێر:

سەرۆكی یەكێتیی مامۆستایان کوردستان، ئەو دەنگۆیانە رەت دەکاتەوە کە هەندێک پەیج و ماڵپەڕ بەناوی یەکێتی مامۆستایان بڵاویان کردبووەوە کە گوایە یەکێتییەکە "هەژماری من" رەت دەکاتەوە، هاوکات ناوبراو جه‌خت له‌ پابه‌ندبوون به‌ پڕۆژه‌ی "هه‌ژماری من" ده‌كاته‌وه‌ 

ئەمڕۆ یەکشەممە (28ـی نیسانی 2024) ئەحمەد گەرمیانی، سەرۆكی یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان بە كوردستان24ـی راگەیاند، هەندێك لێدوان بڵاوكراوەتەوە كە گوایە یەكێتی مامۆستایان "هەژماری من" رەتدەكاتەوە، كە ئەمەش دوورە لە راستی.

سەرۆكی یەكێتیی مامۆستایانی كوردستان، دەڵێت: "یەكێتی مامۆستایانی کوردستان لە چەندین پارت و لایەن پێكهاتووە هەریەكەو گوزارشت لە بۆچوونی خۆی دەكات".

ئەحمەد گەرمیانی، جەخت لەوە دەکاتەوە، وەك یەكێتی مامۆستایانی کوردستان "ھەژماری من" رەتناكەنەوە.

کردنەوەی هەژماری بانکی بۆ مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لە پڕۆژەی "هەژماری من" بەردەوامە و دوایین ئامارەکانیش ئاشکرای دەکەن؛ تاوەکو سەرەتای ئەم مانگە، ژمارەی ئەو فەرمانبەرانەی لە پڕۆژەکە تۆمارکراون گەیشتووەتە 260 هەزار فەرمانبەر و زیاتر لە 150 هەزار کارتی بانکیش دراوەتەوە فەرمانبەران.

پرۆژەی هەژماری من یەکێکە لە پرۆژە ستراتیجییەکانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کە وەرچەرخانێکە لە شێوازی مووچەدان و بەهێزکردنی دارایی کەرتی گشتی و پەسەندکردنی بانکی ناوەندیی عێراقە.

ئامانجی پرۆژەی هەژماری من ئەوەیە تا کۆتایی ئەمساڵ هەژماری بانکیی بۆ زیاد لە یەک ملیۆن مووچەخۆر بکاتەوە، بەمەش کەرتی بانکیی و ئابووریی هەرێمی کوردستان بەرەوپێش دەبات و تۆڕی بڵاوبوونەوەی ئامێرەکانی ڕاکێشانی پارە لە هەموو ناوچە و شارەکان فراوانتر بکات.

هەژماری من، دەستپێشخەرییەکی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە بۆ بەرەوپێشبردنی کەرتی بانکی و بەدیجیتاڵکردنی پارەدان بۆ زیاتر لە یەک ملیۆن فەرمانبەر، کارمەندانی هێزە ئەمنییەکان و خانەنشینانی حکوومەتی هەرێمی هەرێمی کوردستان کە ئەمەش پشتبەستن بە مامەڵەی کاش کەم دەکاتەوە، کارایی حکوومەت و شەفافیەتیش زیاتر دەکات.