هاتووچۆی هەولێر: تونێلی پیرمام بەیەکجاری بە ڕووی بارهەڵگرەکان دادەخرێت

تونێلی پیرمام
تونێلی پیرمام

K24 – هەولێر:

لە ڕاگەیەندراوێکدا، هاتووچۆی هەولێر ئاگاداری شۆفێرانی بارهەڵگری کردووەتەوە، لە مەودوا تونێلی پیرمام بەیەکجاری  بەڕووی هاتووچۆی بارهەڵگرەکانیان دادەخرێت.

ڕۆژی یەکشەممە (28ـی نیسانی 2024) هاتووچۆی هەولێر ڕایگەیاندووە: لەبەر بەرژەوەندی گشتی و لەپێناو پاراستنی سەلامەتی شۆفێران بڕیار درا بە هاتووچۆنەکردنی ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر بەنێو تونێلی پیرمام لە کاتژمێر 8:00ـی بەیانی ڕۆژی دووشەممە (29ـی نیسانی 2024)ـەوە بەشێوەی یەکجاری".

هاتووچۆی هەولێر ئاماژەی بەوەشکردووە: شۆفێرانی بارهەڵگر دەتوانن ڕێگەی (بەستۆرە-بەربیان-شێخ توراب-مەکردان- تاوەکو دەگاتەوە جووت سایدی باسرمە) بەکاربهێنن.

لەبارەی هۆکاری ئەو بڕیارەشەوە، هاتووچۆی هەولێر ڕایگەیاندووە: لەبەرئەوەی ژمارەیەکی زۆر ئۆتۆمبێلی بارهەڵگر بەو تونێلەدا هاتووچۆیان دەکرد، ئەمەش وایکردبوو هاتووچۆ لە تونێلی پیرمامدا، سست بێت و ئاستەنگ بۆ هاتووچۆی ئۆتۆمبێلەکانی دیکە دروست ببێت، هەروەها لە ئەگەری پەککەوتنی هەر بارهەڵگرێکیش لە تونێلەکە، ئەوا ڕێگەکە بەتەواوی دادەخرا، کە ڕێگەیەکی گەشتیاری و ئابوورییە.

ئەمەش لە کاتێکدایە، دوێنێ شەممە (27ـی نیسانی 2024) ڕووداوی ئاگرکەوتنەوە لە تانکەرێکی گواستنەوەی سووتەمەنی لە نێو تونێلی پیرمام تۆمارکرا کە هەر زوو ئاگرەکە کۆنترۆڵ کرا بەبێ ئەوەی تەشەنە بکات و ببێتە هۆی داخستنی ڕێگەکە بۆ ماوەیەکی زۆر، ڤیدیۆی ئەو ڕووداوەش لە کامێراکانی چاودێری تونێلەکەوە تۆمارکرا و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەنگدانەوەی بەدوای خۆیدا هێنا.