شاخەوان عەبدوڵڵا: دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکەوێتە سەر ئەنجامی گفتوگۆکان

د. شاخەوان عەبدوڵلا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق
د. شاخەوان عەبدوڵلا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق

K24 – هەولێر:

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، بەلایانەوە گرنگە هەرچی زووە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجامبدرێت، بەڵام هەندێک کێشە و تێبینی جددی هەیە کە بەپێی گوتەی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان، پێویستی بە کاتە بۆ چارەسەرکردنیان.

ڕۆژی دووشەممە (29ـی نیسانی 2024) شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، بابەتی دواخستنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکەوێتە سەر ئەنجامی گفتوگۆکان، بەڵام تێبینییەکانی پارتی جددین و پەیوەستن بە بێبەشکردنی بەشێک لە هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستانەوە لە پرۆسەی دەنگدان.

جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ڕاشیگەیاند، بەلایانەوە گرنگە هەرچی زووە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجامبدرێت، بەڵام هەڵبژاردنێکی پاک و دوور لە دەستێوەردان.

هاوکات شاخەوان عەبدوڵڵا ئاشکرای کرد، بەگوێرەی زانیارییەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، چارەسەرکردنی بەشێک لەو تێبینیانەی لەسەر پرۆسەکە هەیە، تەکنیکین و بۆ چارەسەرکردنیان پێویستی بە کاتە،

ڕۆژی (18ـی ئاداری 2024) مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان بەیاننامەیەکی لەبارەی دۆخی ئێستای عێراق، پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا، هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاندووە:"بە بەرژەوەندیی گەل و نیشتمانەکەمانی دەزانین كە پارتیمان نەچێتە ژێرباری پەسەندکردنی بریاری نادەستووری و سیستەمێکی سەپێنراو لە دەرەوەی ئیرادەی گەلی هەرێمی كوردستان و دامەزراوە دەستوورییەکانی و بەشداریی هەڵبژاردنێک نەكات کە بە نایاسایی و نادەستووری و لەسایەی سیستەمیکی سەپێنراودا بەڕێوە بچێت".

ئەو هەڵوێستەی پارتی دوای بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی عێراق هات لە رۆژی (21ـی شوباتی 2024) کە دوای 11 جار دواخستنی دانیشتنەکانی لەبارەی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانەوە بڕیاریدا، بۆ خولی شەشەمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان؛ هەرێمی کوردستان بەسەر چوار بازنەی هەڵبژاردندا دابەش بکرێت و ژمارەی کورسی کۆتاکان کە 11 کورسین هەڵوەشاندەوە، بەو پێیەش کۆی ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستان لە 111 کورسییەوە بۆ 100 کورسی کەم دەکرێنەوە.

لە کاردانەوەی ئەو بڕیارانەش، سەرجەم پارت و لایەنە سیاسییەکانی هەردوو پێکهاتەی کریستیان و تورکمان (جگە لە بەرەی تورکمانی)، بڕیاریان دا بایکۆتی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بکەن.